(عادل موراد) سكرتێری ئه‌نجومه‌نی ناوه‌ندی یه‌كێتیی نیشتیمانی كوردستان له‌باره‌ی دۆخی ئێستای هه‌رێمی كوردستان‌و قه‌یرانی دارایی‌و په‌كخستنی په‌رله‌مانی كوردستان‌و نزیكبونه‌وه‌ی یه‌كێتی گۆڕانه‌وه په‌یامێكی بڵاوكرده‌وه.
عادل موراد ده‌ڵێت:"نزیكبونه‌وه‌و ڕێككه‌وتنی یهكێتیو گۆڕان له‌م قۆناغه‌دا، زۆر گرنگه بۆ دانانی به‌رنامه‌ی هاوبه‌ش به‌ئاراسته‌ی ئه‌نجامدانی چاكسازی سیاسی‌و دارایی".
ده‌شڵێت:"واژۆكردنی ڕێككه‌وتنی سیاسی له‌نێوان گۆڕان‌و یه‌كێتییدا، جگه‌له‌وه‌ی هیواو ئومێدێكی نوێ ده‌به‌خشێته جه‌ماوه‌ری كوردستان، هه‌روه‌ها هه‌نگاوێكی گرنگیشه بۆ ڕێكخستنه‌وه‌و پته‌وكردنی نێوماڵی كوردیی‌و پاراستنی یه‌كڕیزی نیشتمانی بۆ كۆتاییهێنان به‌ململانێی ناته‌ندروستی نێوان پارت‌و لایه‌نه سیاسییه‌كان".
سكرتێری ئه‌نجومه‌نی ناوه‌ند كه له‌نۆ خاڵدا بۆچونی خۆی له‌باره‌ی نزیكبونه‌وه‌ی نێوان گۆڕان‌و یه‌كێتی خستۆته‌ڕوو، ئاماژه‌ی بهوهشكردوه، "په‌كخستنی داموده‌زگا شهرعییهكانو ئیفلیجكردنی حكومه‌تی هه‌رێم، جگه له‌بارگرانی بۆسه‌ر شانی هاوڵاتیانو گه‌یاندنی وێنه‌یه‌كی خراپی حوكمڕانی كورد به‌دونیای ده‌ره‌وه، هیچی تری لێ نهچنرایهوه".
پێشنیازه‌كانی عادل موراد وه‌ك نهخشهڕێگهیهك كه‌وه‌كو خۆی ده‌ڵێت:"ده‌بنه كۆڵه‌كه‌ی ڕێككه‌وتنی گۆڕان‌و یه‌كێتی" بریتین له:
1- یه‌كخستنی هه‌ڵوێستی هه‌ردوولا له‌سه‌ر شێوازی په‌یوه‌ندییه‌كان له‌گه‌ڵ پارت و لایه‌نه سیاسیه‌كانی هه‌رێم و ئایندهی په‌یوه‌ندییه‌كانمان له‌گه‌ڵ حكومه‌تی عیراق و ئایندهی پهرلهمانتارو نوێنه‌ره‌كانمان له‌به‌غداد.
2- روانینی وڵاتانی دراوسێ و ناوچه‌كه بۆ ئایندهی دۆزی ره‌وای كورد‌و كردنه‌وه‌ی ده‌رگای گفتوگۆی جدی له‌گه‌ڵ به‌غدا، له‌ئه‌گه‌ری كۆك بوونی هه‌ردوولاو پارته سیاسیه‌كانی تری كوردستان له‌سه‌ر خستنه‌رووی پرسی ریفڕاندۆم له‌م كاته‌دا.
3- هه‌وڵدان بۆ به‌شداری پێكردنی پارێزگای كه‌ركوك و ناوچه دابڕێنراوه‌كانی تر له هه‌ڵبژرادنه‌كانی داهاتوو كه له‌هه‌رێم ئه‌نجام ده‌درێن.
4- یه‌ك خستنه‌وه‌و راگه‌یاندنی هه‌ڵوێستی روونی گۆڕان و یه‌كێتی به‌رامبه‌ر به شێوازی په‌یوه‌ندییه‌كان له‌گه‌ڵ پارته سیاسیه‌كانی پارچه‌كانی تری كوردستان، به‌تایبه‌تی رۆژئاوا‌و روداوه‌كانی.
5- رێكخستنه‌وه‌و په‌ره‌پێدانی په‌یوه‌ندییه‌كانی هه‌ردوولا له‌گه‌ڵ پارت و لایه‌نه سیاسیه‌كانی هه‌رێمی كوردستان و به‌تایبه‌تی پارتی و لاینه ئیسلامییه‌كان (یه‌كگرتوو،كۆمه‌ڵ، بزوتنه‌وه) و حزبه‌كانی (ئاینده، پارێزگاران، سۆشیالیست، شیوعی، رزگاری.. هتد) و ئه‌و لایه‌نانه‌ی كهنوێنهریان نیه له په‌رله‌مانی كوردستان به‌مه‌به‌ستی دروستكردنی هه‌ڵوێستی هاوبه‌ش له‌سه‌ر ئاستی په‌ڕله‌مانی كوردستان و ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق و ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكان.
6- نه‌هێشتن و به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی ناعه‌داله‌تی و په‌راوێزخستنی یه‌كێتی و گۆڕان له‌حكومه‌ت وداموده‌زگاكانی تری هه‌رێم، ره‌تكردنه‌وه‌ی هه‌رجۆره فه‌رق و جیاوازییه‌ك له‌دابه‌شكردنی بودجه‌و داهات له‌نێوان شاره‌كانی هه‌رێم.
7- خستنه‌وه‌گه‌ڕی په‌رله‌مان و حكومه‌تی هه‌رێم و رێزگرتن له‌سه‌روه‌ری یاسا.
8- دانانی به‌رنامه‌ی هاوبه‌ش بۆ چاره‌سه‌ركردنی پرسه‌كانی (ده‌ستور، سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم، سیستمی حوكمڕانی).
9- خستنه‌ڕووی به‌رنامه‌ی چاك سازی ریشه‌یی له‌هه‌موو جومگه‌كانی ده‌سه‌ڵات و رووبهڕووبونهوی گه‌نده‌ڵی.
له‌پاش ده‌سته‌به‌ركردنی ئه‌و خاڵانه‌ی سه‌روه ده‌ستبكرێت به‌جێبه‌جێكردنی قۆناغی دووم له‌رێككه‌وتنه‌كه كه به‌دیدی ئێمه ده‌بێ ئه‌م خاڵانه‌ی لای خواره‌وه له‌خۆبگرێت:
1- یه‌كگرتنی هه‌ردوو فراكسیۆنی یه‌كێتی و گۆڕان له په‌رله‌مانی كوردستان، و ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق.
2- یه‌كگرتنه‌وه‌ی فراكسێونهكانی پارێزگاكان و ئه‌نجومه‌نه خۆجێیه‌كانی هه‌ردوولا.
3- یه‌كگرتنه‌وه‌ی سه‌ندیكاكان، كۆمه‌ڵه‌كان، رێكخراوه دیموكراتیه‌كان.
4-به‌شداریكردن له هه‌ڵبژاردنی ئاینده به‌یه‌ك لیست، به‌سیسته‌می لیستی داخراو.
5- ئاماده‌كردنی زه‌مینه‌ی له‌بار بۆ تێكه‌ڵاوكردنی رێكخستنه‌كان (مه‌ڵبه‌نده‌كان، مه‌كته‌به‌كان، جڤات و ژووره‌كان).
6- به‌ستنی كۆنگره‌ی یه‌كگرتوو، به‌ئاراسته‌ی ده‌ستنیشانكردنی سه‌ركردایه‌تی و مه‌كته‌بی سیاسی و و ئه‌نجومه‌نی باڵای چاودێری.
عادل موراد
سكرتێری ئه‌نجومه‌نی ناوه‌ندی یه‌كێتیی نیشتیمانی كوردستان
جار خوێنراوهتهوه: