فه‌رمان یاسین ئه‌و گه‌نجه 21 ساڵانه‌ی هه‌ولێر، له‌وكاته‌ی له به‌هاری ته‌مه‌نیدا بوو له رووداوێكی لێڵدا په‌كه‌كه كۆتایی به ژیانی دێنێت و له بری دڵدانه‌وه‌ی كه‌سوكاری نیگه‌رانی ده‌رده‌بڕن به‌وه‌ی ئه‌وان ماوه‌ی "سێ مانگ فه‌رمانمان په‌روه‌رده كردووه، به‌ڵام پابه‌ند نه‌بووه، بۆیه چوار مانگی تریش په‌روه‌رده‌ی ده‌كه‌ینه‌وه" دایك چاوه‌ڕێی گفتوگۆیه‌ك ئه‌گه‌ر به ته‌له‌فۆنیش بێ له كوڕه‌كه‌ی ده‌كات، به‌ڵام ناچاری ده‌كه‌ن بۆ وه‌رگرتنه‌وه‌ی ته‌رمه‌كه‌ی روو له قه‌ندیل بكات.
فه‌رمان یاسین له دایكبووی 1995 هه‌ولێر/ دانیشتووی گه‌ڕه‌كی نه‌ورۆز/ له عه‌شیره‌تی گه‌ردی، له‌ڕووی رێكخستنه‌وه سه‌ربه یه‌كێتی نیشتمانیی كوردستان بووه و ماوه‌یه‌ك له یه‌كه‌ی 70 پێشمه‌رگه بووه، ئامۆزای "سه‌ردار چاوڕه‌ش" فه‌رمانده‌ی سه‌ربازی یه‌كێتییه، به‌ڵام په‌كه‌كه كۆتایی به ژیانی دێنێ.
چیرۆكی ژیانی فه‌رمان
فه‌رمان وه‌ك هه‌ر گه‌نجێكی تری كوردستان دنیایه‌ك خولیا و ئاواتی هه‌بوو بۆ داهاتوو، هاوڕێكانی ده‌ڵێن، زۆر دڵی به دنیا خۆش‌بوو، كوڕێكی شیرین و خۆشه‌ویست بوو، هه‌میشه ده‌م به‌خه‌نده و رۆح سووك ده‌رده‌كه‌وت، له‌ناو كه‌سایه‌تیی خۆیدا په‌پووله‌یه‌ك بوو. خۆشه‌ویستی هه‌بوو به‌و ئومێده‌ی داهاتوویه‌كی جوان دروست بكه‌ن، به‌ڵام فیشه‌كی برا كورده‌كانی له قه‌ندیل كۆتایان به‌و خه‌ونانه هێنا و هاوڕێكانیشی بێ فه‌رمان كرد و خۆشه‌ویسته‌كه‌ی بێ ناز خست.
فه‌رمان پێشتر سه‌ربه رێكخستنه‌كانی یه‌كێتی و پێشمه‌رگه‌ی یه‌كه‌ی 70 بووه، به‌ڵام دواتر له‌گه‌ڵ رێكخراوی "یه‌كبوون" /سه‌ربه په‌كه‌كه/ كاری كردووه و دووجار له ژیانیدا پێوه‌ندی به په‌كه‌كه كردووه، هه‌ریه‌ك له‌و جارانه ناوی جیاوازی وه‌ك ناسناو بۆ دیاری كراوه. له یه‌كه‌م پێوه‌ندیدا له گوندی "ئێنزێ" له باره‌گای ته‌ڤگه‌ری ئازادی ناو ده‌نرێ "شه‌ڕڤان پۆڵات" به‌ڵام دوای ماوه‌یه‌ك دابڕاوه له په‌كه‌كه.
خولیای چه‌كداری واز له سه‌ری فه‌رمان ناهێنێ، تا له نیسان/ئه‌پریلی 2015 دووباره پێوه‌ندی به په‌كه‌كه ده‌كاته‌وه و ئه‌مجاره‌یان ناوی هه‌ڤاڵ "تێكۆشه‌ر" ده‌كه‌ن به ناسناوی، تا له دوا مانگی 2015 دیسان بڕوای به رێبازه‌كه‌ی گه‌ریلا نه‌ما و دابڕایه‌وه.
به‌پێی زانیارییه‌كان رۆژی 12ی شوبات/فێبرایه‌ری 2016 ته‌له‌فۆنێك بۆ "كاروان"ی برای ده‌كرێت و داوای بینینی "فه‌رمان" ده‌كه‌ن، پێنج رۆژ دواتر له 17ی شوبات، فه‌رمان له‌وكاته‌ی له ماڵ ده‌رده‌چێ، بێ سه‌روشوێن و نادیار ده‌مێنێته‌وه، كه‌سوكاری راسته‌وخۆ گومان له په‌كه‌كه ده‌كه‌ن كوڕه‌كه‌یانی رفاندبێ، بۆیه "دایكی و سه‌هه‌ند"ی برای ده‌چنه گوندی "ئێنزێ" له بناری قه‌ندیل و له باره‌گایه‌كی په‌كه‌كه هه‌واڵی فه‌رمان ده‌پرسن.
كه‌سێكی باره‌گاكه به‌ناوی "عه‌قیل" قسه له‌گه‌ڵ ماڵباتی فه‌رمان ده‌كات و نیگه‌رانی په‌كه‌كه به‌رامبه‌ر كوڕه‌كه‌یان ده‌خاته ڕوو. ده‌ڵێ "ئێمه له فه‌رمان تووڕه‌ین، ماوه‌ی سێ مانگ په‌روه‌رده‌مان كرد، پابه‌ند نه‌بوو، به‌ڵام لێی ده‌بوورین و چوار مانگی تریش په‌روه‌رده‌ی ده‌كه‌ینه‌وه". لێره‌دا ئارامییه‌ك ده‌روونی دایكی داده‌پۆشێ به‌وه‌ی دڵنیا ده‌بێ كوڕه‌كه‌ی ماوه و له قه‌ندیله، به‌ڵام رێگه‌ی ناده‌ن بیبینێ. ره‌نگه بۆ دایك هه‌ر وشه‌ی "كوڕه‌كه‌ت ماوه" به‌س بێ له‌كاتی دڵه‌ڕاوكه‌ی نه‌زانینی چاره‌نووسی ئه‌و منداڵه‌ی كه نانی له ده‌می خۆی گرتووه‌ته‌وه و به‌وی داوه. تا ئێره چیرۆكه‌كه باسی ژیانه.
هه‌واڵی مه‌رگ و ناڕوونی رووداوه‌كان
رۆژی 8ی ئادار/مارسی رابردوو له گوندی "ئێنزێ" ته‌له‌فۆن بۆ كه‌سێك به‌ناوی "هادی" ده‌كرێ /پێشتر په‌كه‌كه كوڕێكی هادی رفاندووه و بۆ زانینی چاره‌نووسی ته‌له‌فۆنی خۆی لای خه‌ڵكی گونده‌كه جێهێشتووه/ له‌و پێوه‌ندییه ته‌له‌فۆنییه‌دا كه‌سێك داوا له هادی ده‌كات ماڵباتی فه‌رمان ئاگه‌دار بكات له‌وه‌ی كوڕه‌كه‌یان خۆی كوشتووه، ئه‌ویش سه‌هه‌ندی برای فه‌رمان ئاگه‌دار ده‌كاته‌وه له‌و هه‌واڵه دڵته‌زێنه.
هه‌مان رۆژ، ماڵی فه‌رمان ده‌چنه گوندی ئێنزێ بۆ وه‌رگرتنه‌وه‌ی ته‌رمی كوڕه‌كه‌یان له‌وێش په‌كه‌كه ده‌ڵێن: فه‌رمان خۆی كوشتووه، ئێسته ته‌رمی ئه‌و گه‌نجه‌ی هه‌ولێر له گۆڕستانی "سه‌ید عوبێد" ئارامی گرتووه و دایكیشی داخێك خراوه‌ته دڵییه‌وه كه هۆكاره‌كه‌ی بۆ روون نییه.
ئێستا ماڵی "فه‌رمان" دڵنیان له‌وه‌ی كوڕه‌كه‌یان له‌لایه‌ن په‌كه‌كه‌وه هاتووه‌ته كوشتن، به‌ڵام سكاڵایان تۆمار نه‌كردووه، هاوڕێكانی ده‌ڵێن "ئه‌و ماڵه زۆر بێ كێشه‌ن، بنه‌ماڵه‌یه‌كی نیشتمانپه‌روه‌رن، بۆیه نایانه‌وێ داویان تێكه‌ڵی داوی په‌كه‌كه ببێ، چونكه ده‌سه‌ڵاتی په‌كه‌كه‌یان نییه".
رووداوه‌كه ته‌واو كپ ده‌كرێته‌وه له‌وكاته‌ی سه‌ردار چاوڕه‌ش ئامۆزای فه‌رمان و كه فه‌رمانده‌یه‌كی سه‌ربازی یه‌كێتی نیشتمانیی كوردستان سه‌ردانی قه‌ندیل ده‌كات و له‌گه‌ڵ په‌كه‌كه له‌باره‌ی رووداوه‌كه قسه ده‌كات. چاوه‌ڕه‌ش له گه‌ڕانه‌وه‌یدا به خێزانی فه‌رمان ده‌ڵێ ئه‌و باسه دابخه‌ن و قسه‌ی له‌سه‌ر مه‌كه‌نه‌وه، به‌بێ ئه‌وه‌ی روونكردنه‌وه‌یان بداتێ له‌باره‌ی چۆنیه‌تی و هۆی كوشتنی كوڕه‌كه‌یان كه ئامۆزای خۆیشی ده‌كات.
به‌سوپاسه‌وه : وه‌رگیراوه
جار خوێنراوه‌ته‌وه: