لە دوای سێیەم رێككەوتن لە نێوان لایەنی كوردی لەگەڵ حەشدی شەعبی لەدوزخورماتوو، شەڕ و پێكدادان لە نێوان هاوڵاتیانی كورد و حەشدی شەعبی دەستی پێ كردەوە و حەشدی شەعبی 48 كاتژمێر مۆڵەت دیاری دەكات، تا پێشمەرگە دوزخورماتوو چۆڵ بكات.
بە پێی زانیارییەكان شەوی رابردوو شەڕ لە نێوان ژمارەیەك هاوڵاتی كورد و پاسەوانی پارلەمانتارێكی توركمانی عێراق دروست بووە.
هاوكات بە گولەی قەناسی چەكدارەكانی حەشدی شەعبی كارمەندێكی ئاسایش و هاوڵاتییەك بریندار بوون.
ئەمە لە كاتێكدا دوێنێ لایەنی كوردی و حەشدی شەعبی لە بارەگای هێزی بەدر لە دوزخورماتوو رێككەوتن لە سەر ئاسایی كردنەوەی رەوشەكە و قەرەبووكردنەوەی زیانلێكەوتووان و ئازادكردنی گیراوەكان.
لە نوێترین پێشهاتدا مەیسەم عەلاق، فەرماندەی گشتی هێزەكانی وەعدوڵا یەكێك لە پێكهاتەكانی حەشدی شەعبی هەڕەشەی لە كوردانی شارەكە كرد و لە بەیاننامەیەكدا راشیگەیاند، ئەوەی لە شاری دوزخورماتوو لە لایەن هەندێ لە گرووپە كوردییەكان دژی هاووڵاتیانی شیعە ئەنجام دەدرێت، پێچەوانەی داب و نەریت و ئەخلاقی و بنەمای سەربازییە و لە دەرەوەی چوارچێوەی یاسا و ڕێساكانە.
ناوبراو، خوازیاری كەڵك وەرگرتن بوو لە زمانی عەقڵ و حیكمەت و ئارامی بە مەبەستی كۆتایی هێنان بە گرژییەكان، بەڵام وتی :"دەستدرێژی كردن بۆ مافی برایانی توركمانی خۆمان قبووڵ ناكەین، لە بەرامبەر ئەم هێرشانە بێ دەنگ نابین و دەستەوەستان ناوەستین".
وتیشی :" هێزەكانی وەعدوڵا ئامادەیی تەواویان بۆ دەستێوەردان لە چارەسەری قەیرانی دۆزخورماتوو هەیە".
داواشی لە بەغدا كرد، هێزە تایبەتەكانی خۆی بۆ ڕێگری لە كۆنتڕۆڵی هێزەكانی پێشمەرگە لەسەر ناوچە توركمان نشینەكان لە دوزخورماتوو و شەنگال بنێرێت.
لە لایەكی دیكەوە وتەبێژی سەربازی كەتیبەكانی حیزبوڵڵای عێراق هێزەكانی پێشمەرگەی بە "میلیشیاكانی بارزانی" ناو برد و وتی :" 48 كاتژمێر مۆڵەت دەدەینه پێشمەرگە بۆ ئەوەی شاری دۆزخورماتوو بەجێ بهێڵن".
جەعفەر حسێنی بە ئاژانسی سكای پرێسی وتووە :"دوو یەكە لە هێزە تایبەتەكانی حزبوڵا ڕەوانەی دۆزخورماتوو كراوە، ئەگەر هێزەكانی پێشمەرگە لە ماوەی 48 كاتژمێردا لە دۆزخورماتوو نەكشێنەوە ئەوا كەتیبەكانی حیزبوڵڵا بۆ چارەسەری قەیرانی ئەو شارە دەستێوەردان دەكەن".
وتیشی :"بە مستێكی ئاسنینەوە هەڵدەكوتینە سەرئەو هێزانەی كە دەیانەوێت بەرهەڵستی توركمانەكان ببنەوە".
ئەم هەڕەشەی حزبوڵا لە كاتێكدایە لە ماوەی دوو رۆژی رابردوودا بە پێی زانیاریی میدیاكان شاندی یەكێتی نیشتمانی كوردستان و بزوتنەوەی گۆڕان لە بەغدا سەردانی كەتیبەكانی حزبوڵایان كردووە، بە مەبەستی چارەسەركردنی كێشەكانی دوزخورماتوو.
جار خوێنراوهتهوه: