ئەمڕۆ، نرخی نەوت لە بازاڕەکانی وزە لە جیهاندا، بەرز بوونەوەی تۆمار کرد.
پێگەی (oilprice)ی جیهانی بڵاوی کردەوە، ئەمڕۆ سێشەممە (2016/11/15)، لە سەعات (8:30) دەقیقەی شەو بە کاتی کوردستان، نرخی یەک بەرمیل نەوتی برێنت بە (46) دۆلار (31) سەنت مامەڵەی پێوەکرا و نرخی یەک بەرمیل نەوتی خاوی ئەمریکیش بە (45) دۆلار و (34) سەنت مامەڵەی پێوەکرا.
کۆتایی مانگی ڕابردوو، وڵاتانی ئەندام لە ڕێکخراوی ئۆپیک، لە وڵاتی جەزائیر کۆبوونەوە و بەشێوەیەکی سەرەتایی ڕێککەوتن لەسەر سنووردارکردنی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت، دوای ماوەیەکی کەم لەڕێککەوتنەکە نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیهاندا بەرز بوونەوەی بەخۆیەوە بینی و بەشێوەیەک نرخی یەک بەرمیل نەوتی برێنت گەیشتە سەرووی (53) دۆلار، بەڵام لە چەند هەفتەی ڕابردوو بەهۆی بەرز بوونەوەی ئاستی بەرهەمی نەوتی عەمبارکراوی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و هەڵبژاردنە سەرۆکایەتییەکەی ئەو وڵاتە، نرخی نەوت بەڕێژەیەکی زۆر ڕووی لە دابەزین کرد، بەشێوەیەک نرخی بەرمیلێک نەوتی برێنت گەیشتە (44) دۆلار.
وابڕیارە، ئۆپیک لە (30)ی ئەم مانگەدا کۆببێتەوە و ناوەڕۆکی ڕێککەوتنەکەی جەزائیر بڵاو بکاتەوە، چاودێرانی بواری ئابووریش پێشیبینی دەکەن لە ئەگەری پابەند بوون بەڕێککەوتنەکە لەلایەن وڵاتانی بەرهەمێنەری نەوتەوە، نرخی نەوت بەڕێژەیەکی زۆر ڕوو لە بەرز بوونەوە بکات و بەشێوەیەک کۆتایی ئەمساڵ نرخی نەوت بگاتە (65) دۆلار.
جار خوێنراوهتهوه: