GuidePedia


عەلی جەمال قەدووری، وتەبێژی پۆلیسی گەرمیان راگەیاند: ئەمڕۆ دووشەممە 20 ئەفسەر لە بەڕێوەبەرێتی پۆلیسی گەرمیان نامەی دەستلەكاركێشانەوەكەیان خستە بەردەم بەڕێوەبەرێتی پۆلیس، ئەوەش لەبەرانبەر سیستمی پاشەكەوتی مووچە.

قەدووری وتیشی: ئەو ئەفسەرانە رایانگەیاندووە ئەگەر سیستمی پاشەكەوتی مووچە جێبەجێبكرێت، ئەوا ناتوانین درێژە بە كارەكانمان بدەین، رازیش نابین جگە لەو پێشمەرگانەی كە بە "فعل"ی لە شەڕی دژی تیرۆرن لە هیچ هێزێكی تر، بەكەمتر سەیر بكرێن.

ئەفسەرێك كە نەیویست ناوی بڵاوبكرێتەوە، بە خەندانی راگەیاند: من یەكێكم لەو ئەفسەرانەی كە نامەی دەستلەكاركێشانەوەم پێشكەشكردووە، چونكە سیستمی پاشەكەوتی مووچە مایەی قبوڵكردن نییە.

ئەو ئەفسەرە دووپاتیشیكردەوە: ناكرێت سیستمی پاشەكەوتی مووچە بەسەر هێزێكدا جێبەجێبكرێت كە شەڕی دژی "تیرۆر"ی كردووەو شەو و رۆژ بە كرداری لە خزمەتی پاراستنی سەر و ماڵی هاوڵاتیاندا بووە.

هاوكات عەمید محەمەد فایەق، بەڕێوەبەری پۆلیسی گەرمیان بە خەندانی راگەیاند: داوكاری ئەو ئەفسەرانەمان گەیاندووەتە بەڕێوەبەرایەتی گشتی پۆلیس و بریكاری وەزارەتی ناوخۆ.

بەڕێوەبەری پۆلیسی گەرمیان ئەوەشی ئاشكراكرد: هەفتەی رابردوو دەستلەكاركێشانەوەی چەند كارمەندێكمان رەتكردووەتەوە، پێمانوتوون ئارام بگرن.

جار خوێنراوه‌ته‌وه‌:
 
Top