GuidePedia

بینالی یەڵدرم سەرۆک وەزیرانی تورکیا ئەمڕۆ یەک شەممە ڕایگەیاند، ئۆپراسیۆنی دەرهێنانی شاری ڕەقە لەدەستی داعش دەستیپێکردووە، و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکاش ئەنقەرەی ئاگادارکردووەتەوە لە ئۆپراسیۆنەکە.
میدیاکانی تورکیا لە زاری سەرۆک وەزیرانی تورکیاوە بڵاویانکردەوە، وڵاتەکەی پشتیوانی ئەو شێوازە ناکات کە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا دەستیانپێکردووە بۆ کۆنترۆڵکردنەوەی شاری رەقە.
بینالی یەڵدرم ئاماژەی بەوەش کرد، واشنتۆن ئەنقەرەی ئاگادارکردووەتەوە کە پشتبەستنی بە هێزەکانی سوریای دیموکرات بەدەست خۆی نەبووە، بەڵکو بارودۆخ و رەوشەکە شەپاندبووی.
لە کۆتایی وتەکانیدا سەرۆک وەزیرانی تورکیا جەختیکردەوە، ستراتیژییەتی وڵاتەکەی نەگۆڕە و ئەوان هیچ سڵناکەنەوە لە لێدانی "هەر ڕێکخراوێکی تیرۆریستی" کە ببێتە مایەی دروستکردنی هەڕەشە لەسەر ئارامی و ئاسایشی تورکیا و ناوچەکە، جا ئەو ڕێکخراوە لە ناوەوەی تورکیا بێت یاخود لە دەرەوە.
ئەو پێشهاتانە لەکاتێکدایە مانگی ڕابردوو هێزەکانی سوریای دیموکراتی بە هاوکاری هێزی ئاسمانی هاوپەیمانان، ڕێگای سەرەکییەکانی شاری ڕەقەیان کۆنترۆڵکرد، کە شارەکە بە دەوروبەری خۆیەوە دەبەستێتەوە.
لەئێستادا تەنها ڕێگەیەک کە مابێت بۆ دەرچوون لە شارەکە ڕوباری فوراتە کە کەوتووەتە باشووری شارەکەوە، لەوبارەیەوە ڕێکخراوی چاودێری مافی مرۆڤی سوریا ڕایگەیاند، سەرجەم پردەکانی سەر ڕوبارەکە وێرانکراون.
ڕێکخراوەکە ئاماژەی بەوەش کرد، لەئێستادا نزیکەی ٢٠٠ هەزار کەس لەناو شاری ڕەقەدا ماونەتەوە و لەو بڕوایەشدان بەشێکی زۆری سەرکردەکانی ڕێکخراوی داعش  لەناو شارەکەدان.
هاوکات هێزەکانی سوریای دیموکرات ڕایگەیاند، ئەمڕۆ یەک شەممە بەنداوێکیان لەسەر ڕوباری فوڕات کۆنترۆڵکردووەتەوە، کە لەژێر دەستی چەکدارانی داعشدا بووە.
هێزەکانی سوریای دیموکرات کە لە هاوپەیمانی چەند هێزێکی چەکداری کورد و عەرەب پێکهاتوون و هێزی سەرەکی یەکینەکانی پاراستنی گەل پێکیدەهێنن ڕایگەیاند، بەیانی ئەمڕۆ کۆنترۆڵی بەنداوی بەعسیان کردووە و ناوەکەشیان گۆڕیوە بۆ بەنداوی ئازادی.

جار خوێنراوه‌ته‌وه‌:
 
Top