GuidePedia


وڵات پرێس :

پەرلەمانتارێكی كورد لە بەغدا رایدەگەیەنیـَت، عەبادی بەنیازە لە خەرجكردنی شایستە داراییەكانی جووتیارانی هەرێمی كوردستان، ستەم بكات و مافەكانیان پێشێل بكات و دەشڵێت، كاتی خۆی یەك تۆن گەنم بە نزیكەی 560 هەزار دینار وەرگیراوە، بەنیازە ئێستا ئەو نرخەی بگۆڕێت و بیكات بە 300 هەزار دینار .
ئەشواق جاف، پەرلەمانتاری كورد لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، سەبارەت بە شایستە داراییەكانی جووتیارانی هەرێمی كوردستان، لە ئەكاونتی فەرمی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فیسبوك رایگەیاندووە “ئەمڕۆ پەیوەندیم بە وەزیری بازرگانی عێراقەوە كرد، لە وەڵامدا پێیڕاگەیاندم، كە سەبارەت بە پارەی 2017 تائێستا ئەنجومەنی وەزیران بڕیاری لەسەر خەرجكردنی نەداوە، بەڵام پارەی 2016 بە بانكی ڕافیدەین و بانكی رەشید، دراوە”.
وتیشی، كە بانكی ڕەشید، ڕێكارەكانیان ڕەنگە دوو ڕۆژی پێبچێت و دواتر دابەشی بكەن جەختیشكردوەتەوە “ئەوەی ماوەتەوە شایستە داراییەكانی 2014 و 2015ی جووتیارانی هەرێمی كوردستانە، كە كێشەیان تێدایە”.
ئەشواق جاف باسی لەوەشكردووە “تائێستا هیچ بڕە پارەیەك بۆ ئەو دوو ساڵە دانەنراوە، چونكە كێشە تێدایە، كێشەكەش ئەوەیە، دوو وەجبە پارە دراوە، 21 و22% بوون، ئەوەی ماوەتەوە لە 17%ی پشكی هەرێمی كوردستان زیاترە”.
ئەوەشی خستەڕوو، كە كاتی خۆی یەك تۆن گەنم بە نزیكەی 560 هەزار دینار وەرگیراوە، حكوومەت بەنیازە ئێستا ئەو نرخەی بگۆڕێت و بیكات بە 300 هەزار دینار،.
ئەو پەرلەمانتارە رونیشكردوەتەوە” ئێمە پرسیاری ئەوەمان كرد كە بە چی یاسایەك دوای سێ ساڵ لەوەرگرتنی گەنمەكە، نرخەكەی بكرێت بەنیوه، لەكاتێكدا گەنمی هەموو عێراق بە 560 هەزار دینار وەرگیراوە”.
بۆ چارەسەركردنی ئەو كێشەیە ناوبراو داوا لەسەرۆك كۆماری عێراق و هەردوو وەزیرە كوردەكەی ئەنجومەنی وەزیران و 65 پەرلەمانتارە كوردەكەی پەرلەمانی عێراق دەكات، فشار بۆ سەر عەبادی دروست بكەن، بۆ ئەوەی وەكو مافەكانی تر، مافی جووتیارانی كورد نەخورێت.

جار خوێنراوه‌ته‌وه‌:
 
Top