وێت پرێس
سەبارەت بەفرۆشتنی نەوتی کێڵگەکانی ھەرێمی کوردستان وەزارەتی سامانە سروشتیەکان ڕونکردنەوەیەک بڵاودەکاتەوەو ھاوکات وەڵامی دوو پەرلەمانتاریش دەداتەوەو وردەکاری فرۆشتنی نەوت لەم قۆناغەی ئێستادا ئاشکرادەکات.
ئەمڕۆ ھەینی ھەشتی کانونی یەکەمی 2017 وەزارەتی سامانە سروشتیەکان لەڕونکردنەوەیەک وەڵامی ھەردوو پەرلەمانتار (د.شێرکۆ جەودەت و عەلی حەمەساڵح)ی داوەتەوە سەبارەت بەفرۆشتنی نەوتی کێڵگە نەوتیەکانی شێخان، لەو ڕوەشەوە وردەکاریی فرۆشتنەکەی ئاشکراکردوەو ئەو دوو پەرلەمانتارەشی بەھەوڵدان بۆ ئاژاوەچێتی و سەر لەشێوانی ھاوڵاتیان ناوبردوە.
بەگوێرەی ڕونکردنەوەیەکی وەزارەتی سامانە سروشتیەکان کەوێنەیەکی بۆ تۆری ههوالی سلیمانی نێردراوە تێیدا ئاماژە بەوەکراوە، ڕۆژی حەوتی ئەم مانگە ھەردوو پەرلەمانتارە چەند زانیاریەکیان سەبارەت بەفرۆشتنی نەوتی خاوی کێڵگەی شێخان بڵاوکردۆتەوە گوایە بەرمیلێک نەوتی ئەو کێڵگەیە بەتەنھا 18 دۆلار فرۆشراوە.
لەو ڕوەشەوە سامانە سروشتیەکان زانیاریی لەوبارەیەوە ئاشکراکردوەو ڕونیکردۆتەوە، ((ئێمە وەک وەزارەتی سامانە سروشتیەکان سەرتاپای ئەو ھەواڵە ڕەتدەکەینەوە، چونکە بەگوێرەی فەرمانی وەزاریمان ژمارە 6884 لەڕۆژی پێنجی ئەم مانگە ئەو نەوتە بەنرخی برێنت فرۆشراوە، واتە نرخی برێنت چەندبێت بە(18) دۆلار کەمتر”.
وەزارەتی سامانە سروشتیەکان ڕونکردنەوەی زیاتری ئاشکراکردوەو ڕایگەیاندوە، “بۆ نمونە ئەگەر نرخی برێنت (63) دۆلار بێت لەبازاڕی جیھانیدا ئەوە بە ئەو نەوتە بە (45) دۆلار فرۆشراوە، کە ئەم نرخەش لەبەرژەوەندی حکومەتی ھەرێمە”.
ھۆکاری ئەوەشی ئاشکراکردوەو لەڕونکردنەوەکەدا ھاتوە ((لەبەر کوالێتی نەوتە خاوەکەیە کە قورسەو کبریتی تێدایە، ھەروەھا تێچوی گواستنەوەی بۆ ھەناردەکردن بۆ دەرەوەی وڵاتیش ئەم نرخە ناکات، بەڵکو لەبەندەری جیھانیش برێنت ـ 20) دەکات واتە بۆ ئێمە دوو دۆلار باشترە، ھەر لەبەرئەمەش بکڕە ناوخۆیەکە بەشێوەی قەرزی کاش وەریگرتوەو کۆمپانیای بەرھەمھێنەریش ئاگادارە”.
سامانە سروشتیەکان لەکۆتایی ڕونکردنەوەکەیدا ئاماژەی بەلێدوانی ئەو دوو پەرلەمانتارەی ھەرێم کردوەو نوسیویەتی ((باشتروابوو ئەو دوو بەرێزە پرسیاریان لەوەزارەتمان بکردایە تا وەڵامیان دەستدەکەوت نەک تەنھا بەمەبەستی ئاژاوەچێتی و سەرلەشێوانی ھاوڵاتیان کە بەداخەوە ھێشتا بەردەوامن لەسەر ئەو ڕەفتارانەیان لەم قەیرانەدا کە لەمەبەستی نوسراوەکانمان تێناگەن و نایانەوێت تێبگەن و بەشێوەی ھەڵە لێکیدەدەنەوەو بڵاویدەکەنەوە)).
جار خوێنراوهتهوه: