بە بڕیاری نەوشیروان مستەفا، بزووتنەوەی گۆڕان هەڵمەتی راگەیاندنی بەرامبەر مەسعود بارزانی و پارتی دیموكراتی كوردستان رادەگرێت.
ئەركانی عەلی، پەیامنێری رووداو لە سلێمانی رایگەیاند "بە بڕیاری نەوشیروان مستەفا، رێكخەری گشتیی بزووتنەوەی گۆڕان، میدیای گۆڕان كاژێر 12:00 ی ئەمشەو هەڵمەت و شەڕی راگەیاندن بەرامبەر مەسعود بارزانی و پارتی دیموكراتی كوردستان رادەگرێت".
سەرچاوەیەكی ئاگادار لەنێو بزووتنەوەی گۆڕان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، راگرتنی هەڵمەتی راگەیاندن دژی پارتی لەسەر داواكاری سەڵاحەدین بەهائەدین، ئەمینداری گشتیی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان بووە، بەڵام رەخنەكان لەسەر حكومەت هەر بەردەوام دەبن و ئەو هەڵمەتەی گۆڕان كردوویەتی تەنیا وەڵامدانەوە بووە".
دوای ئەوەی رۆژی پێنجشەممە 16-6-2016، دادگای لێكۆڵینەوەی هەولێر فەرمانی دەستگیركردنی بۆ نەوشیروان مستەفا دەركرد، شەڕی راگەیاندنی نێوان میدیاكانی بزووتنەوەی گۆڕان و پارتی دیموكراتی كوردستان گەیشتە قۆناخێكی زۆر تووند.
ئێوارەی رۆژی هەینی 17-6-2016، سەڵاحەدین بەهائەدین، ئەمنیداری گشتیی یەكگرتووی ئیسلامیی كوردستان، پەیامێكی بڵاوكردەوە و داوای لە مەسعود بارزانی و نەوشیروان مستەقا كرد هەڵمەتەكە رابگرن.
دوای پەیامەكەش مەسعود بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان پەیامێكی بڵاوكردەوە و رایگەیاند "داوا لە خەڵكی سەربەرزی كوردستان دەكەم كەس لەسەر من وەڵامی ئەم هەڵمەتە و قسەكانی میدیای گۆڕان نەداتەوە و كەس بۆ ئەو ئاستە نزمە دانەبەزێ".
جار خوێنراوهتهوه: