GuidePedia




سکرتێری گشتیی حیزبی سۆسیالیست لە وەڵامی هاوسەرۆكی پەیەدە رایدەگەیێنێت، نە خۆمان بە کوێخای پارچەکانی دیکەی کوردستان دەزانین و نە کوێخایەتی کەسیشمان قبوڵە.

محەممەد حاجی مەحموود، سکرتێری گشتیی حیزبی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان، لەکاتی بەشداریکردنی لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆی رادیۆ و تەلەڤزیۆنی رووداو، لەبارەی داهاتوو و بەهەرێمكردنی كەركووك رایگەیاند "پێویستە هەموو پێکهاتەکانی کەرکووک مافی خۆیان هەبێت، کەرکووک خاکی کوردستانە و هیچ موناقەشەی لەسەر نییە".

محەممەد حاجی مەحموود دەڵێت "کاتی خۆی دژی ئەوەبووم ریفراندۆم لە کەرکووک بکرێت، چونکە ئەگەر تۆ لە ماڵەکەی خۆت ریفراندۆم بکەیت، واتە گومانت هەیە، ئەگەر پێکهاتەکانی دیکەی کەرکووک مافیان لە دەستووری هەرێمی کوردستان جێگیر بکرێت و لە پەرلەمانی کوردستاندا نوێنەرایەتيیان هەبێت، خۆیان دەڵێن حەمرین سنووری کوردستانە".

لەسەر ئەو لێدوانەی ساڵح موسلیم، هاوسەرۆکی پەیەدە، کە داوای گەڕانەوەی كورد بۆ بەغدا دەکات و دەڵێت دەروازەی ستراتیژی كورد بەغدایە، هەروەها باوەڕیان بە دەوڵەتی نەتەوەیی نییە، محەممەد حاجی مەحموود دەڵێت "لەڕاستید خۆم نە بە کوێخای پارچەکانی دیکەی کوردستان دەزانم و نە کوێخایەتی کەسیشم قبووڵە، نەتەوەی کورد یەک نەتەوەیە، خاکەکەی یەک خاکە، بەڵام هەریەکە لە چوارچێوەی جوگرافیاکەی دەتوانێت لەوێ بڕیاری خۆی بدات".

سکرتێری گشتیی حیزبی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستاندەشڵێت: "ئێمە ناڕۆین لە قامشلۆ بڵێین فڵان شت وا بکرێت یان نەکرێت، لە دیاربەکر وابکرێت، یان وانەکرێت، لە مەهاباد وابکرێت، یان وانەکرێت".
جار خوێنراوه‌ته‌وه‌:
 
Top