GuidePedia










لە گوندێكی نزیك هەولێر، لەسەر شەڕ‌ و دەمەقاڵێی منداڵەكانیان، ئامۆزایەك ئامۆزای خۆی دەكوژێت‌، گوتەبێژی پۆلیسی هەولێریش دەڵێت هەر لەو رووداوەدا كەسێكی دیكەی تەمەن 20 ساڵی هەمان ماڵ برینداربووە.

نەقیب هۆگر عزیز، گوتەبێژی پۆلیسی هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، شەوی 11 لەسەر 12ی 4-2016 ، لە گوندی (سێ بیرانی ئاغا)ى سەر بە شارەدێی شەمامكی هەولێر، لەسەر كێشەی منداڵ، دوو ئامۆزا بووەتە دەمەقاڵێیان، لەئاكامدا یەكێكیان بەناوی (ج.ن.ع)، تەقەی لە ئامۆزاكەی خۆی كردووە و كوشتوویەتی.

ئەو كەسەی كوژراوە (ئ.ع) تەمەنی 56 ساڵ بووە، نەقیب هۆگر گوتی " گوللـەیەك بەر ملی كەوتووە و گیانی لەدەستداوە، تەرمەكەشی رەوانەی پزیشكی دادی كراوە".

گوتەبێژی پۆلیسی هەولێر روونیشكردەوە، هەر لەو شەڕەدا كەسێكی دیكەی هەمان ماڵ بەناوی (ت. ز) تەمەن 20 ساڵ برینداربووە. گوتیشی "پەڕاوی لێكۆڵینەوە بۆ رووداوەكە كراوەتەوە و لێكۆڵینەوە بەردەوامە".
جار خوێنراوه‌ته‌وه‌:
 
Top