GuidePedia



پارتی دیموكراتی كوردستان هەڵمەتی راگەیاندنی بەرامبەر بزووتنەوەی گۆڕان راگرت، بەرپرسی میدیای گۆڕانیش پێشوازی لەو بڕیارە دەكات ‌و ئومێدەوارە ئەو هەنگاوە ببێتە هۆكارێك بۆ چارەسەركردنی گرفتە سیاسییەكانی كوردستان. 

د.سالار عوسمان، ئەندامی مەكتەبی راگەیاندن و رۆشنبیری پارتی بە (تۆڕی میدیایی رووداو)ی راگەیاند "وەكو پیشاندانی نیازپاكی لەسەر داوای كۆمەڵێك كەسایەتی، بە بڕیاری مەكتەبی سیاسی‌ و سەركردایەتی تاكلایەنە و بەبێ‌ مەرج هەڵمەتی راگەیاندنمان بەرامبەر بزووتنەوەی گۆڕان راگرت".

د.سالار باسی لەوەش كرد لەمەودوا هەر هێرشێكیان بكرێتە سەر لە كات و ساتی خۆی وەڵامیان دەبێت. جەختی لەوەش كردەوە، كە ئەو هەڵمەتەی پێشتریش كردوویانەتە سەر گۆڕان، زیاتر خستنەڕووی كۆمەڵێك بەڵگەی تۆماری دەنگی بووە، وەك خۆی گوتی "پارتی حیزبێكە بە زمانی بەڵگە قسە دەكات".

لەبەرامبەردا بەرپرسی میدیای گۆڕان، راگرتنی هەڵمەتی راگەیاندن لەلایەن پارتی دیموكراتی كوردستانەوە بە كارێكی باش‌ و هەنگاوێكی ئەرێنی دەزانێ و دەڵێت "وەك میدیای گۆڕان هەوڵدەدەین بەشێك بین لە چارەسەری قەیرانەكان".

عەبدولرەزاق شەریف، بەرپرسی میدیای گۆڕان لە لێدوانێكدا بۆ (تۆڕی میدیایی رووداو) بڕیاری راگرتنی هەڵمەتی راگەیاندنی لەلایەن پارتی دیموكراتی كوردستان بە كارێكی باش زانی و گواتی "دەستپێشخەرییەكی باشە‌و پێشوازی لێدەكەین".

سەبارەت بەوەش ئەوان وەك گۆڕان كەی هەڵمەتی راگەیاندن رادەگرن، عەبدولرەزاق شەریف گوتی "ئێمە دەستمان بە هەڵمەتی راگەیاندن نەكردووە تا رایبگرین، بەڵام سەرباری ئەوەش رەچاوی دۆخەكە دەكەین ‌و هەوڵدەدەین ببینە بەشێك لەچارەسەر نەك ئاڵۆزبوونی دۆخەكە".

دوای دروستبوونی خۆپیشاندان‌ و ئاڵۆزی لە سلێمانی و دەوروبەری لە مانگی 10 ی ئەمساڵدا، دواتر دوورخستنەوەی گۆڕان لە حكومەت، پەیوەندی گۆڕان ‌و پارتی گرژی تێكەوت و لەو كاتیشەوە راگەیاندنەكانیان هێرشی تووند دەكەنە سەر یەكدی.

جار خوێنراوه‌ته‌وه‌:
 
Top