بەهۆی لافاوەوە رێگەی نێوان کەلار- کفری داخرا، پەروەردەی گەرمیانیش سبەی سێشەممەی کردە پشوو.
هەڵۆ محەممەد، پەیامنێری رووداو لە گەرمیان رایگەیاند، بەهۆی مەترسی باران و لافاوەوە بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەی گەرمیان بڕیاریدا سبەینێ دەوام لەسەرجەم قوتابخەکانی گەرمیان رابگیرێت.
پەیامنێری رووداو راشیگەیاند كە بەهۆی لافاوەوە 25% خانووەکانی گەڕەکی حەمرین ژێرئاو کەوتوون. گوتیشی " سەرجەم ئەو کۆگایانەی لە بازاڕەکانی کەلار لەژێر زەمیندان ژێرئاوکەوتوون".
تادێت ئاستی لافاوەکە لە کەلار بەرزتر دەبێتەوە، دەنگۆی ئەوەش هەیە بەهۆی لافاوەکەوە دوو منداڵ ئاو بردبنی، کە لەو خێزانە عەرەبانەن ئاوارەی گەرمیان بوونە.
پەیامنێری رووداو لە گەرمیان راشیگەیاند " هێزە ئەمنییەکان لەهەوڵدان ئاراستەی لافاوەکە بگۆڕن بەرەو ناوچەیەکی دیکە، بەرپرسانی بەرگری شارستانیش بە کارێکی پڕ لە مەترسی و ئەستەمی دەزانن".
ژووری ئۆپەراسیۆنی ئیدارەی گەرمیان داوادەکات خەڵکی لەو شوێنانە دوورکەونەوە کە نزمن، چونکە هەتا دێت بارانەکە بەخوڕتر دەبێت و ئاستی لافاوەکەش زیاتر دەبێت. ئەمڕۆ 31 ملم لە گەرمیان باران باریوە.
هەڵۆ محەممەد جەختیشیكردەوە كە هیچ مەترسییەک لەسەر بەنداوی باوەشاسوار نییە. گوتیشی " ئاستی ئاو لە بەنداوی دەربەندیخان 3 مەتر بەرزبووەتەوە".
هەروەها پۆلیس و ئەمبۆلانسەکان داوا لە هاونیشتمانیان دەکەن لەو ناوچانە دووربکەونەوە کە نزمن و نزمترین لە ئاستی لافاوەکە. پەیامنێری رووداو راشیگەیاند كە بەهۆی لافاوەکەوە نزیکەی 3000 هەزار ئۆتۆمبێل لە نێوان کەلار و کفری پەکیان کەوتووە.
جار خوێنراوهتهوه: