سەلیم جبوری، سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق ئەمڕۆ دووشەممە 9ی تشرینی دووەم، لەبارەی دوایین گۆڕانکارییەکانی ناوچەکەوە، نامەیەکی کراوەی ئاراستەی تەواوی سەرکردە و کەسایەتییە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان و گەلی کورد کرد.
لە سەرەتای نامەکەیدا، دەڵێت: "ماوەی چەندین ساڵە گەلی کورد لەپێناوی ئازادی و گەیشتن بە مافەکانیدا هەوڵدەدات و بەهۆیەوە تووشی ئازار و ناڕەحەتییەکی زۆر بووە و خوێنی گرانی گەنجانی گەلی کوردیش بۆ ئەم مەبەستە رژاوە، هەمووان نرخێکی زۆریان بۆ دیموکراتی و پێشکەوتنی هەرێمەکە داوە".
ناوبراو ئاماژە دەکات بەوەی کە لەئێستادا گۆڕەپانی سیاسیی هەرێم بە دۆخێکی نالەباردا دەڕوات و جیاوازی ناوخۆیی توانای سەرکردایەتیکردنی سیاسی و بەرەوپێشچوونی دامودەزگاکانی لاوازکردووە و ئەوەی لە رابردوودا روویدا ئەنجامی خنکانێکی دیار بوو لە ژینگەی دیموکراتیدا، کە پێشتر سنووردار کرابوو.
لە درێژەی نامەکەدا، ناوبراو داوا لە تەواوی سەرکردایەتیی کورد دەکات، کە جارێکی تر لەسەر مێزی گفتوگۆی ناوخۆیی کۆببنەوە و کێشەکانیان بەیەکەوە چارەسەر بکەن، دواتریش درێژە بە وتووێژەکانیان لەگەڵ حکومەتی ناوەنددا بدەن، چونکە بەدڵنیاییەوە رێککەوتن لەگەڵ بەغدا، بەجۆرێک لە جۆرەکان کاریگەریی ئەرێنیی لەسەر کێشە ناوخۆییەکانی هەرێم دەبێت.
دواتر داوا لە گەلی کورد دەکات کە بۆ چارەسەری کێشەکان پشتیوانیی تەواوی پارتە سیاسییەکان بکەن و هەست بە گەورەیی بەرپرسیارێتییەکەی سەر شانیان بکەن، ئاماژە بە رووداوەکانی ئەنفال و کیمیابارانی هەڵەبجە دەکات و دەڵێت کە کورد بە پشتیوانیی یەکتر، ئەم دۆخەی ئێستایان بۆ خۆیان بنیاتناوە و نابێت بەهۆی جیاوازییەکانەوە لە دەستی بدەن.
لە کۆتایی نامەکەدا، جبوری ستایشی هەوڵەکانی پێشمەرگە دەکات و دەڵێت : " پێشمەرگە لە مەیدانی شەڕدا دژی تیرۆریستان لە پێناوی ئازادکردنی خاکی عیراق و کوردستاندا خوێنی خۆی دەڕێژێت، ئەم پاڵەوانێتییەی نەوەکانمان، شایەنی هاوکاریی هەموو لایەکە و پێویستە لەپێناوی هەرێمی کوردستان و عیراقدا، یەکگرتوو بین".
جار خوێنراوهتهوه: