GuidePedia


برای ڕێبەری زیندانیكراوی پارتی كرێكارانی كوردستان رایگەیاند، ئەوەی پەكەكە لە شنگال دەیكات، لە خزمەت داگیركەراندایە، بۆ ئەمەیش پێویستە كوردانی ئێزدی یەكهەڵوێست بن و پشتگیری لە هەوڵەكانی (سەرۆك بارزانی) بكەن، چونكە داهاتوویان بە هەرێمی كوردستانەوە گرێ دراوە، نەك پەكەكە.

عوسمان ئۆجەلان برای ڕێبەری زیندانیكراوی پارتی كرێكارانی كوردستان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان وتی: "بەغدا دەیەوێت بە پشتگیریی ئێران و پەكەكە، شنگال بكاتە ناوەندێك بۆ ئەوەی دژی هەرێمی كوردستان بەكاری بهێنێت، مەترسیی ئەوەیش هەیە كاتێك كوردستانیان دەنگیان بە سەربەخۆیی دا، ئێران كێشە بۆ دەوڵەتی كوردی دروست بكات، ئەوە نەخشەكەیە، بۆیە لە ئێستاوە پەكەكە دەیەوێ لە دوای ڕزگاركردنەوەی مووسڵ، لەوێ پێگەی هەبێت، هەروەك چۆن تا ئێستایش لە شنگال ماونەتەوە".

هەروەها ئۆجەلان وتی:  ئەوەی پەكەكە ئێستا لە شنگال دەیكات، بە فیتی وڵاتانی ناوچەكەیە، عێراق و ئێران نایانەوێت دەسەڵاتی كوردی لە شنگال جێگیر بكرێت، هەر بۆ ئەوەیش پەكەكە و یەپەشە، بەكار دێنێت، دەیانەوێت شنگال لە كوردستان جیا بكەنەوە، بۆ ئەمەیش پەكەكە خزمەتی ڕاستەوخۆی داگیركەران دەكات، بۆیە پێویستە كوردانی ئێزدی یەكهەڵوێست بن و پشتگیری لە هەوڵەكانی (سەرۆك بارزانی) بكەن، چونكە داهاتووی ئەوان بە هەرێمی كوردستانەوە گرێ دراوە، نەك پەكەكە".



ئاماژەی بەوەیش كرد : "بەغدا دەیەوێت لەگەڵ سووریا بە هاوكاریی پەكەكە، دژی كورد شەڕ بكەن و گەلی كورد بەو ئاواتە نەگات كە بە درێژایی مێژوو خەباتی بۆ دەكات، هەموو داگیركەرانی كورد دەبنە یەك بۆ ئەوەی ئەو دەستكەوتانەی لە باشووری كوردستان بە دەست هاتوونە، لەناویان ببەن، ئەوەیش بۆ ئەوەیە كە جارێكی دیكە كورد شەڕی كورد بكات، بۆ ئەمەیش بە داخەوە پەكەكە دژایەتیی گەلی كورد و سەربەخۆیی كوردستان دەكات، ئەو شەڕەی لە باكووری كوردستانیش دەكرێت، هەر هەمان شتە و، پەكەكە بە فیتی بێگانە ئەو كارە دەكات".


جار خوێنراوه‌ته‌وه‌:
 
Top