GuidePedia




بزوتنەوەی گۆڕان ڕایدەگەیەنێت، بە "هۆی دەرچونی تاڤگە ئەحمەد لە ئیجماعی كوردی ‌و ئەجێندای بزوتنەوەی گۆڕان ‌و فراكسیۆنی گۆڕان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق بڕیاریدا بە دوورخستنەوەی " ئەو پەرلەمانتارە لە بزوتنەوەكە.

بەگوێرەی ڕاگەیەندراوێك، كە بزوتنەوەی گۆڕان بڵاویكردۆتەوە، ئەو بزوتنەوەیە بڕیاریدا بە دوورخستنەوەی پەرلەمانتار تاڤگە ئەحمەد ؛ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق لە فراكسیۆنی گۆڕان؛ لە بزوتنەوەكە و فراكسیۆنەكە.

گۆڕان هۆكارەكەشی گەڕاندۆتەوە بۆ 3 خاڵ، كە گرنگترینیان بریتیە لە "دەرچونی ناوبراو لە ئیجماعی كوردی ‌و ئەجێندای بزوتنەوەی گۆڕان‌و فراكسیۆنی گۆڕان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق".

دەقی بەیاننامەكە:

رونكردنەوەیەك لە بزوتنەوەی گۆڕانەوە بۆ رای گشتی بزوتنەوەی گۆڕان بڕیاریدا تاڤگە ئەحمەد لە فراكسیۆنی گۆڕان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق ‌و ریزەكانی بزوتنەوەی گۆڕان دوربخاتەوە لەبەر ئەم هۆیانەی خوارەوە:

 1. دەرچونی ناوبراو لە ئیجماعی كوردی ‌و ئەجێندای بزوتنەوەی گۆڕان‌و فراكسیۆنی گۆڕان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق.

2.پابەند نەبونی بە ئەجێنداو هەڵوێستی فراكسیۆنەكەمان‌‌و بزوتنەوەی گۆڕان‌و بەشداریكردنی لە كۆبونەوەی پەرلەمانتارە مانگرتووەكانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق لەژێر كاریگەری ئەجێندای لایەنێكی تر.

 3. ئەگەرچی لە ماوەی پێشودا چەندین جار ناوبراو ئەگادار كراوەتەوە لەسەر سەركێشی‌و دەرچونی لە هەڵوێست‌ و ئەجێندای فراكسیۆن‌ و بزوتنەوەی گۆڕان، بەڵام بێ سود بوو.

 ئێمە لە كاتێكدا داكۆكی لە رای ئازادو بۆچونی جیاواز دەكەین، بەڵام ئەم حاڵەتە تا ئەو كاتە رێگەپێدراوە كە بۆچون‌ و دیدە جیاوازەكان نەچنە خانەی دژایەتیكردنی هەڵوێستی نیشتیمانی ‌و بەرژەوەندی نەتەوەیی‌-یەوە.

هەر بۆیە رایدەگەیەنین كە لە دەرچونی ئەم رونكردنەوەوە ناوبراو هیچ پەیوەندییەكی بە فراكسیۆنی گۆڕان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق‌‌و بزوتنەوەی گۆڕانەوە نەماوە.
بزوتنەوەی گۆڕان


جار خوێنراوه‌ته‌وه‌:
 
Top