GuidePedia





دوای فراوانبوونی بازنەی ناڕەزایەتییەکان و مانگرتنی ژمارەیەکی زۆر لە کارمەندانی پۆلیس و پۆلیسی ھاتوچۆی سلێمانی و چەند ناوچەیەکی دەوروبەری، حکومەتی ھەرێم بەڵێنیداوە پێداچوونەوە بەخشتەی دابەشکردنی موچەدا بکات.

ئەیوب عەبدوڵڵا سەرۆکی لیژنەی ناوخۆو ئاسایش و ئەنجومەنە خۆجێییەکان لەپەرلەمانی کوردستان،  ڕاگەیاند: لەپەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا کەریم سنجاری وەزیری ناوخۆ پێی وتووم خشتەی دابەشکردنی موچەی وەزارەتی ناوخۆ بۆ مانگی کانوونی دووەمی ئەمساڵ، بەھیچ جۆرێک دەستکاری ناکرێت، بەڵام بەڵێنی وەرگرتووە کە بۆ مانگی شوبات بەپێی سیستمی پێشوو، بەبێ ھیچ پاشەکەوتکردنێک تەواوی موچەکانیان پێبدرێت.
وتیشی:" کارمەندو ئەفسەرانیش دڵنیا دەکەینەوە، جگە لەو بڕیارە ھیچ شتێکی تر نییەو ئەوە دوا بڕیارە".
ئەو پەرلەمانتارە ئاماژەی بەوەشدا کە دوای چەندین بەدواداچوون، بەرپرسانی وەزارەتی ناوخۆ بەڵێنیان وەرگرتووە، بایکۆتکردن و مانگرتن بشکێنن و تەنھا بۆ ئەم مانگەیە، بەشێکی زۆری موچەکانیان پاشەکەوت دەکرێت، مانگی داھاتووش پێدانی موچەکانیان ئاسایی دەبێتەوە.

بەگوێرەی زانیارییەکانیش، حکومەتی ھەرێمی کوردستان بۆ دابەشکردنی موچەی مانگێکی ئەفسەرو کارمەندانی وەزارەتی ناوخۆ، پێویستی بە زیاتر لە ١٦٠ ملیار دینار ھەیە.
جار خوێنراوه‌ته‌وه‌:
 
Top