GuidePedia





پاش زیاتر لە چوار ساڵ لە راگرتنی پرۆسەی دامەزراندنی پۆلیس، وەزارەتی ناوخۆی حكوومەتی عێراق دەرگەی دامەزراندنی پۆلیس لە سنووری شارۆكەی دوزخورماتووی سەر بە پارێزگەی سەلاحەدین دەكاتەوە.

محەمەد فایەق گوتەبێژی قایمقامیەتی شارۆكەی دوزخورماتوو راگەیاند، پاش ئاڵۆزبوونی دۆخی تەناهی لە شارۆكەی دوزخورماتوو ، بەتایبەت لە پاش ئاڵۆزییەكانی تشرینی یەكەمی 2015 قایمقامیەتی دوزخورماتوو ، بەپێویستی زانی رۆڵی پۆلیسی شارۆكەكە كارا بكات، بۆ ئەوەش پێش دوو مانگ داوای لە وەزیری ناوخۆ كرد پۆلیس بۆ شارۆكەكە دابمەزرێنێت.

زیاتر دەڵێ "وەزیری ناوخۆی عێراقی هەفتەی پێشتر رەزامەندی پیشاندا (200) پۆلیس لەتەواوی پێكهاتەكانی شارۆكەكە دابمەزرێنێ، بۆ ئەو مەبەستەش ماوەی هەفتەیەكە ناوتۆماركردن بۆ بوون بە پۆلیس دەستی پێ‌ كردووە و پرۆسەكە تا سبەی سێشەم 9ی شوباتی 2016 بەردەوام دەبێت".

وەك فایەق ئاماژەی دا، بۆ ناوتۆماركردن چەند مەرجێك دیاریكراون، دەبێ ئەو كەسە عێراقی بێ چ كورد یان عەرەب یان توركمان، تەمەنی لە 18 ساڵ كەمتر نەبێ و لە 30 ساڵ زیاتر نەبێ ، "دەبێ ئەو كەسە بە رەوشت بێ و ناوبانگی باشی هەبێ و لەرووی جەستەیی و دەروونییەوە كەسێكی تەندروست باش بێ و سزای ئاكاری نەدرابێ و دەستی نەبێ لە كردەوەی تیرۆریستیدا، لەگەڵ ئەوەشدا مەرجە كە بڕاوانامەی شەشەمی سەرەتای بەرەو سەرەوەی هەبێ".

شارۆكەی دوزخورماتوو دەكەوێتە نێوان ئیدارەی گەرمیان و پارێزگەی كەركووك، هەروەك سەر رێگەی سەرەكی بەغدای پایتەختی عێراق و هەولێری پایتەختی هەرێمی كوردستان، تا ساڵی 1976 سەر بە كەركووك و پاشتر رژێمی روخاوی بەعس خستیە سەر پارێزگەی سەلاحەدین .
جار خوێنراوه‌ته‌وه‌:
 
Top