GuidePedia


وەزیری دەرەوەی روسیا بە توندی مەرج و داواکارییەکانی وەفدی دانوستانکاری ئۆپۆزسیۆنی سوریای بۆ بەشداریکردن لە کۆبوونەوەکانی جنێف رەتکردەوە و رایگەیاند کە مۆسکۆ ئۆپراسیۆنە سەربازییەکانی تەنها دوای شکستی رێکخراوی تیرۆرستیی داعش و بەرەی نوسرە لە سوریادا رادەگرێت.

سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی رووسیا لە لێدوانێکیدا بۆ ئاژانسی هەواڵی ئینتەرفاکسی روسی، ئەمڕۆ چوارشەممە 3 ی شوبات، وتی : " ئۆپراسیۆنی فڕۆکە جەنگییەکانی رووسیا تاکو شکستی کۆتایی رێکخراوی تیرۆرستیی داعش و بەرەی نوسرە راناگیرێن".

کۆتاییهێنان بە ئۆپراسیۆنی فڕۆکە جەنگییەکانی روسیا لە سوریادا، یەکێکە لە سەرەکیترین ئەو داواکارییانەی وەفدی دانوستانکاری ئۆپۆزسیۆنی سوریا بۆ بەشداریکردن لە کۆبوونەوەکانی جنێف-3، لە مۆسکۆی هەیە.

ئەمەش لەسەر ئەو بنەمایەی کە سوپای ئازاد و ئۆپۆزسیۆنی سوریا پێیانوایە، ئۆپراسیۆنە سەربازییەکانی روسیا بۆ پاراستنی رژێمەکەی ئەسەدە لە دژی ئۆپۆزسیۆن و گەلی سوریا، نەک رێکخراوە تیرۆرستییەکانی ناو وڵاتەکە.

پێشتریش ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا رەخنەی لە ئامانجی ئۆپراسیۆنە سەربازییەکانی رووسیا لە سوریا گرت و رایگەیاند، کە بۆردوومانی فرۆکەکان هێندەی ئۆپۆزسیۆن و ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی سوپای سوریای ئازاد دەکەنە ئامانج، زۆر کەمتر لەو رێژەیە داعش و بەرەی نوسرە دەپێکن.

لاڤرۆڤ لە درێژەی وتەکانیدا سەرسوڕمانی خۆی سەبارەت بەم داواکارییەی ئۆپۆزسیۆن دەربڕی و وتی : " تێناگەم بۆچی دەبێت ئەم ئۆپراسیۆنانە رابگیرێن؟ لەکاتێکدا رێگرن لە بە قاچاخ بردنی نەوت لەنێوان سوریا و تورکیا.

ناوبراو داواکاری وەفدی دانوستانکاری ئۆپۆزسیۆنی سوریای بۆ راگرتنی ئۆپراسیۆنە سەربازییەکانی وڵاتەکەی لە سوریادا هیچ پەیوەندییەکی بە ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکانی جنێفەوە نییە و مەرجی پێشوەختە بۆ بەشداریکردن لە دانوستانەکانی سوریادا چارەسەرێکی کاتی و سیاسەتێکی بێ ئەنجامە.
جار خوێنراوه‌ته‌وه‌:
 
Top