GuidePedia




حەیدەر عەبادی لەگەڵ لێژنەی دەستپاكی پەرلەمانی عێراق كۆ دەبێتەوە و باسی دەیان دۆسیەی گەندەڵی دەكەن، ئەندامێكی لێژنەكەش رای دەگەیەنێت كە دۆسییەی گەندەڵی دەیان ملیۆن دۆلاریان لایە و بەمزووانە ئاشكرای دەكەن، هاوكات سەرچاوەیەكی سیاسی ئاگەدار دەڵێت، عەبادی چاكسازی نوێ دەكات و بەدەر لە ئاشكراكردنی گەندەڵییەكان و لێپرسینەوە لە گەندەڵكاران، گۆڕین و كەمكردنەوەی وەزیرانیش دەگرێتەوە.  

ئەمڕۆ حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراق بۆ دوو كاتژمێر و نیو لەگەڵ لێژنەی دەستپاكی پەرلەمانی عێراق كۆ بووەتەوە و بەپێی قسەی تەڵال زەوبەعی سەرۆكی لێژنەكە ئەوان باسی ئەو بەربەستانەیان كردووە كە دێنە بەردەم كاری لێژنەكەیان كە ئەمساڵ ساڵی لەناوبردنی گەندەڵی و گەندەڵكاران دەبێت.

زیاتر گوتی، لەو كۆبوونەوەدا چەندان فایلی گەندەڵی گەورە یەكلا كرانەوە و عەبادی پاڵپشتی خۆی بۆ ئەوان دەربڕییە و ئاشكرا دەكرێن.

لای خۆیەوە محەمەد كەون ئەندامی لێژنەی دەستپاكیی پەرلەمانی عێراق ئەمڕۆ چوارشەم رای گەیاند كە لێژنەكەیان فایلی گەورەی گەندەڵی بەدەستەوەیە كە بەو هۆیەوە چەندان ملیار دۆلار لە گەنجینەی وڵات بەهەدەر دراوە و بەڵێنیشی دا كە ژمارەیەك لە گەورە بەرپرسانی عێراق بەو هۆیەوە دەكەون.

زیاتر گوتی، ئێستەش لێژنەكانی سەر بەلێژنە پەرلەمانییەكە كار لەسەر فایلەكانی گەندەڵی حكوومەتی پێشووی عێراق و حكوومەتی ئێستەش دەكات، وێڕای لێكۆڵینەوە لە فایلی ئاوارە و گرێبەستەكانی كڕینی چەك و ئەمینداریەتی بەغدا و پڕۆژە وەهمییەكانی تر و دووپاتی كردەوە كە لێژنەكەیان گەندەڵكاران لەوانەی سامانی گشتی بەهەدەر دەدەن دەكاتە پەند.

لێژنەی دەستپاكی پەرلەمانی عێراق دووپاتی دەكاتەوە كە فایلەكانی گەندەڵی بەملیۆنان دۆلاری ئەمەریكایی كە لەلایەن بەرپرسانی عێراق ئەنجام دراوە گەیشتوونەتە لای و لە ماوەی رابردووشدا دادوەری عێراق چەندان فەرمانی ئامادەبوون و هێنانەوەی پارەی بۆ بەرپرسانی سیاسی و حكوومەتی عێراق دەركردووە. 

لەلایەكی تر سەرچاوەیەكی سیاسی بە"غەد پرێس"ی راگەیاند كە عەبادی بەنیازە بڕیارێكی تری مێژوویی بدات بەكەمكردنەوەی ژمارەی وەزارەتەكانی حكوومەتەكەی لە 24 وەزارەت بۆ تەنیا 17 وەزارەت، هەروەها وەزارەتەكان دووبارە بەسەر وەزیرانی نوێ دابەش بكاتەوە. 

زیاتر گوتی، ئەو وەزارەتانەی یەك دەخرێن بریتین لە وەزارەتەكانی دارایی و پلاندانان،  پیشەسازی و بازرگانی، گواستنەوە و گەیاندن، نەوت و كارەبا، خوێندنی باڵا و پەروەردە، هەروەها رەزامەندی سەرەتایی لەلایەنی هەرێمی كوردستان دراوە بەگۆڕینی هۆشیار زێباری وەزیری دارایی ئێستە بەرۆژ نووری شاوەیس، بۆ ئەو مەبەستەش زێباری دوو مانگ مۆڵەتی پێ دەدرێت وەك رێگە خۆشكردن بۆ ئەو گۆڕانكارییە.

بەپێی سەرچاوەكە ئەنجوومەنی باڵا بەبڕیاری لادانی باقر زوبێدی رازی نابێت، بۆیە رەنگە وەك پاڵەپەستۆیەك بۆسەر عەبادی بۆ رێگرتن لەو كارە هەوڵ بدات كە لە پەرلەمان داوای وەرگرتنەوەی متمانە لە عەبادی بكەن.  

دوێنێ ئاژانسێكی عەرەبی رای گەیاند كە ئەمەریكا بەمدوواییە ناوی 71 كەسایەتی سیاسی عێراقی خستووەتە ناو لیستی دوورخستنەوەی سیاسی لە عێراق كە لە پۆستەكانیان دوور دەخرێنەوە و رەنگە بدرێنە داگە، لەوانەش نووری مالیكی و حوسێن شەهرستانی و هادی عامری، چاكسازییەكانی داهاتووی عەبادیش بەلادانی دوو وەزیر دەست پێ دەكات.

چەند سەرچاوەیەكی ئاگەداری عێراقی بەتۆڕی هەواڵی "ئیرم"یان راگەیاند كە ئەمەریكا بەمدوواییە ناوی ئەو بەرپرسانەی عێراقی خستووەتە ناو لیستی دوورخستنەوە كە ناوی هەریەك لە نووری مالیكی سەرۆك وەزیرانی پێشوو و حوسێن شەهرستانی وەزیری خوێندنی باڵا و هادی عامری پەرلەمانتاری عێراق و سەرپەرشتیاری حەشدی شەعبی و ئەبومەهدی موهەندیسی جێگری، كە لەلایەن ئەمەریكا و وڵاتانی تر بەتۆمەتی تێوەگلان لە چەند تەقینەوەیەك تێوە گلاوە، لەخۆ دەگرێت. 
جار خوێنراوه‌ته‌وه‌:
 
Top