
خاتوونە ئەستێرەی گۆرانیی پۆپ "تایلۆر سویفت"، دوێنێ دووشەم لە رێوڕەسمی دابەشكردنی خەڵاتی "گرامی" لە ئەمەریكا، توانی بە ئەلبوومی "1989" ئەو خەڵاتە دنیاییە بە دەست بێنێت.
پێگەی "ئەلعەرەبیە" بڵاوی كردووەتەوە، تایلۆر كە لە بوارەكەی خۆیدا "ستایلی پۆپ" ئەستێرەیەكی زۆر ناوداری دنیایە، توانی لەو رێوڕەسمەدا لە هەردوو ئەلبوومەكانی هونەرمەندان كەندریك لامار و ئێلكەندی وێكند بباتەوە و خەڵاتی "گرامی" وەربگرێت.
بەپێی "ئەلعەرەبیە"، ئەمە دووەمین جارە تایلۆر ئەو خەڵاتە دنیاییە وەردەگرێت، لە ساڵی 2010یشدا بۆ ئەلبوومی "فێرلیس" كە ئەوكات تەمەنی تەنیا 20 ساڵ بوو، خەڵاتی "گرامی"ی وەرگرت كە بۆ ئەو ساڵە، گەنجترین هونەرمەند بوو ئەو خەڵاتە وەربگرێت.
ئەلبوومی "1989"ی تایلۆر سویفت لە ساڵی 2014دا بڵاو كرایەوە كە ملیۆنان دانەی لێ هاتە فرۆشتن و 13 تراكی لە خۆ گرتبوو. ناوی ئەلبوومەكەیش دروست ساڵی لەدایكبوونی تایلۆرە كە لە ساڵی 1989 لە دایك بووە.
تایلۆر ئەلیسۆن سویفت كە گۆرانیبێژێكی ناوداری ئەمەریكییە، لە ساڵی 1989 لە دایك بووە، هاوكات بە نووسینی تێكستی گۆرانی دەناسرێتەوە. لە ساڵی 2006دا یەكەمین گۆرانیی بڵاو كرەوە و بەدوایدا ئەلبوومێكی بڵاو كردەوە و لە بواری گۆرانیدا بووە ئەستێرەیەكی درەوشاوە. تا ئێستە پێنج ئەلبوومی بڵاو كردووەتەوە و لە چوار فیلمی سینەماییدا بەشداریی كردووە. هەروەها دەیان خەڵاتی گەورەی دنیایی وەرگرتووە.
جار خوێنراوهتهوه: