GuidePedia




لە کۆبوونەوەی نێوان نوینەری  مامۆستایانی  ناڕازی ھەردوو پارێزگای سلێمانی و ھەڵەبجە و ئیدارەی ڕاپەڕین، بڕیاردرا بە درێژکردنەوەی بایکۆت کردنی ھۆڵەکانی خوێندن، وته‌بێژی‌ په‌روه‌رده‌ی‌ رانیه‌ رایده‌گه‌یه‌نێت، ناتوانین فشار له‌ مامۆستایان بكه‌ین بۆ ده‌وامكردن، به‌ڵام هیواخوازین بگه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ هۆڵه‌كانی‌ خوێندن.

 ئومێد عبدالرحمن، ئەندامی دەستەی مامۆستایانی ناڕازی راگەیاند: " لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆماندا لەگەڵ نوێنەرى مامۆستایانی ناڕازی سلێمانی و هه‌ڵه‌بجه‌ و ڕانیە و دوکان و قەڵادزی، تایبه‌ت بوو به‌وه‌ی‌، كه‌ بە حکومەتی ھەرێم بڵێین، ئێمەی مامۆستایان سورین لە سەر بایکۆتکردنی دەوام تا ئه‌و كاته‌ی‌ داخوازی مامۆستایان بەدی دێت ".

وتیشی: "داخوازیەکانی ئێمە لەو چوار خاڵەدا خۆی دەبینێتەوە، کە لە بەرواری ٢١ کانوونی دووەم   لە بەیاننامەی ھاوبەشی لقی یەکێتی مامۆستایانی سلێمانی و مامۆستایانی ناڕازی بڵاو کرایەوە، کەخۆی دەبینێتەوە لە پێدانی مووچەی تەوای مانگی ٩ ی ساڵی ڕابردوو ، گێڕانەوەی مووچە نەدراوەکانی ساڵی ڕابردوو ، نەبڕینی ھیچ موچە و ڕێژە و دەرماڵەیەک ، پێدانی مووچە لە وادەی خۆیدا کە ٣٠  ڕۆژ تێنەپەڕێنێت ".

لای خۆشیەوە محه‌مه‌د مه‌حمود، لێپرسراوی لقی راپەڕینی یەکێتی مامۆستایانی کوردستان ڕاگەیاند: "لە دەڤەری ڕاپەڕین بایکۆت کردنی‌ هۆڵه‌كانی‌ خوێندان بەردەوامە و بەردەوامیش دەبێت، له‌ دواکەوتنی خوێندن و نەکردنەوەی دەرگای خوێندنگاکان بەڕووی خوێندکاراندا، حکومەتی ھەرێم بەرپرسە.

ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌شكرد،  بەڕێوبەر و مامۆستایانی خوێندنگاکان سەرپشکن لە دەوام کردن وانە وتنەوە، ئێمە ڕێگری لە ھیچ مامۆستایەک ناکەین، لە ئێستاشدا لە چەند خوێندنگەیەکی ئامادەیی لە سنوری ئێمەدا خوێندکارانی شەشی ئامادەی وێژەی و زانستی وانە دەخوێنن ".
ھەر لە سەر ئەم پرسە یوسف ناودەشتی، وتەبێژی بەڕێوبەرایه‌تی پەروەردەی ڕانیە ڕاگەیاند :" ئێمە وەک پەروەردەی ڕانیە خوازیاری ئەوەین، کە مامۆستایان بگەڕێنەوە ھۆڵەکانی خوێندن دەوامی ئاسایی دەست پێ بکاتەوە، لە  کۆبوونەوەی گشت بەڕێوبەرایەتی پەروەردەکانیش لە سلێمانی، سەرەڕای پشگیریان بۆ داوا ڕەواکانی مامۆستایان ھاوکات دواشیان  کردووە، کە بایکۆت کردنی ھۆڵەکانی خوێندن کۆتایی پێ بھێنرێت و حکومەتی ھەرێمیش ھەرچی زووە داوای مامۆستایان جێ بەجێ بکات". 

وتەبێژی بەڕێوبەریەتی پەروەردەی ڕانیە باسی له‌وه‌شكرد، لە ئێستا دا ئێمە کەوتووینە ژێر داوایەکی زۆری خاوەن فرۆشگاکانی ناو خوێندنگاکان، کە داوای قەرەبوو کردنەوە دەکەن له‌به‌ر ئه‌وه‌ی‌ به‌هۆی‌ بایكۆت كردنی‌ خوێندنه‌وه‌، زیانێکی زۆریان پێگەیشتووە ".

ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌شكرد، " ئێمە وەک پەروەردەی ڕانیە، بە فشار ھیچ مامۆستایەک پەیوەست ناکەین، کە دەوام بکات، تاوەکو ئێستاش هیچ مامۆستا وفه‌رمانبه‌رێك بە نەھاتوو ناوی ھەژمار نەکراوە، دەزانین کە مامۆستایان خاوەن مافن، بەڵام دەبێت ئەوەش لەبەرچاو بگیرێت کە پرۆسەی خوێندن زۆر دواکەوتووە لە مانگی ٣ دا دەوام کردن وەک پێویست نابێ لە بەر زۆری پشو ئەوەش دەبێتە ھۆی ئەوەی کە خوێندکاران زەرەمەندی یەکەمین بن".

لەگەڵ دەسپێکی پرۆسەی خوێندنی ساڵی ٢٠١٥ بۆ ٢٠١٦ ئەوە بۆ دووەمین جارە مامۆستایان بایکۆتی ھۆڵەکانی خوێندن دەکەن، درێژترین بایکۆتکردنیش لە دوای ٢١ کانوونی دووەم  ٢٠١٦ بوو تاوەکو ئێستا بەردەوامە ، مامۆستایانیش حکومەتی ھەرێم بە بەرپرسی ئەو دۆخە دەزانن .
جار خوێنراوه‌ته‌وه‌:
 
Top