GuidePedia





ئیسرائیل پێشنیار دەداتە نەتەوە یەکگرتووەکان کە مانەوەی کورد لەگەل عێراق، کارێکی ئەستەمە، چونکە ئێستا ناوچەکە داوای حوکمێکی زاتی و “دیموکراتی” دەکات.
سەرچاوەیەک لە حکومەتی ئیسرائیل لەمیانی لێدوانێکیدا بۆ ماڵپەڕێکی ئیسرائیلی ڕایگەیاندووە کە لەبارەی دواین سەردانی شاندی هەرێم بۆ بەغدا، وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل “لیبرمان” بە وەزیری دەروەی ئەمریکا “جۆن کێری” گوتووە کە عێراق لە بەرچاوی هەموومان زۆر شتی لە دەست داوە، بەبێ ئەوەی بیر لەوە بکاتەوە کە لە ئایندەیەکی نزیک کورد دەبێتەوە دەوڵەتێکی سەربەخۆ.
ماڵپەڕی ئیسرائیلی “میدلێس” لەبارەی پەیوەندیەکانی کورد و وڵاتی ئیسرائیل نوسیویەتی: پەیوەندیەکانی کورد و ئیسرائیل بۆ ساڵی ١٩٦٠ دەگەڕێتەوە و لە دوای ساڵی ٢٠٠٣ کە ئەمریکا عێراقی داگیرکرد، هەردوولا هاوهەماهەنگی سەربازی هەواڵگری نێوانیان زیاتر پەرەی سەندووە.
ئایندەی کورد بۆ ئیسرائیل گرنگە…
ئەو ماڵپەڕە لە زاری چەند بەرپرسێکی باڵای ئیسرئیل لەبارەی گرنگی کورد بۆ ئەو وڵاتە نوسیویەتی، ئایندەی گەلی کورد بۆ گەلی ئیسرائیل گرنگە و بابەتی هەرە گەرم و گوڕی خەڵکی ئیسرائیلە پرسی سەربەخۆیی کوردستان، ئیسرائیل بە گرنگیەکی زۆرەوە لە سەربەخۆیی کوردستان دەڕوانێ و پشتیوانیشی لێدەکات لە هەموو ڕوویێکەوە.
ماڵپەڕەکە لەزاری “یعارز تسافریر” بەرپرسی دەزگای هەواڵگری موساد ئاماژە بۆ ئەوە کردووە کە ئیسرائیل پەوەندی نهێنی گرنگی لەگەڵ کورد هەیە و پەیوەندیەکانمان زۆر بە تەندروستی بەڕێوەدەچن، هەروەها ئەو بەرپرسەی مۆساد گوتویەتیشی کە ئەگەر چی پەیوەدنیەکانمان لەگەڵ عێراقیش تەندروستن بەهۆی هەبوونی باڵیۆزی وڵاتەکەمان لەو وڵاتە، بەڵام ئێستا پەیوەندیەکانمان لەگەڵ کورد زۆر بەهێزن و کورد بەلای ئێمەوە گرنگترە.
کوردستان دەبێتە شوێن گرەوەی عێراق لە دابینکردنی نەوت بۆ ئیسرائیل
ماڵپەڕە ئیسرائیلیەکە هەر لەبارەی پەیوەندیەکانی کورد و ئیسرائیل لە زاری بەرپرسێکی باڵای کورد بڵاویکردۆتەوە کە کوردەکان بە پەیوەندیەکانیان لەگەڵ ئیسرائیل دڵخۆشن و هیچ کێشەیەکیان نیە، لەبەرامبەریشدا لێدوانی بەرپرسێکی ئیسرائیلیشی وەرگرتووە بە ناوی “هارڤی موریس” ئەو دەلێت: ئیسرائیلیەکانی کوردستان لەو وڵاتە بە ئارامی دەژین و هیچ کێشەیەکیان نیە، وەک ئەوەی لەگەڵ فەلەستین هەمانە.
ئەو بەرپرسەی ئیسرائیل وتیەتیشی کە لە ئایندەدا کورد دەبێتە دەوڵەت و ئیسرائیلیش هەموو پشتیوانیەکی ئەو دەوڵەتە دەکات، چونکە دەبێتە دەوڵەتێکی گرنگ بۆ وڵاتەکەیان و دەبێتە شوێنگرەوەی عێراق لە دابینکردنی نەوت و سەرچاوە سروشتیەکان.
لەبارەی دیانەتەکانی کوردستانیش ئەو بەرپرسەی ئیسرائیل دەلێت: پڕانی خەڵکی کوردستان موسڵمانن، بەڵام وڵاتێکە هەموو دیانەتەکانی تێدایە و هەمووشیان بە ئاشتیانە دەژین و هیچ کێشەیەکی ئایینی ومەزهەبیان تێدا بەدی نەکراوە.
ئیسرائیل: کەرکوک شارێکی کوردستانیە…
لە ڕاپۆرتی ئەو ماڵپەڕەی ئیسرائیل باس لە گرنگی شاری کەرکوک کراوە و بە شارێکی سەربە دەوڵەتی کوردستان لە قەڵەمی داوە و دەلێ: مەسعود بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان – عێراق و فەرماندەی سەربازی کوردستان باسی لە گرنگی کەرکوک کردووە و ئاماژەی بۆ ئەوە کردووە کە دوای کشانەوەی سوپای عێراق بەهۆی هاتنی داعش، پێشمەرگە کەرکوک و دەوروبەری ئەو پارێزگایەی کە بە ناوچە کێشە لەسەرەکان هەژمار دەکران کۆنترۆل کردووە و پێشمەرگە ئەو ناوچانە بە کەرکوکیشەوە ڕادەستی هیچ کەس و لایەنێک ناکات.
لە ڕاپۆرتەکەدا ئەوەش هاتووە کە لە سالی ٢٠٠٣ بەهاوکاری هێزەکانی ئەمریکا کورد گەڕایەوە کەرکوک، بەڵام بە هاتنی داعش و هەڵاتنی سوپای عێراق، کورد کۆی ناوچە کوردستانیەکانی گرتنەوە و ئەو دەرفەتەی لە دەست نەدا، ئامانجیش لە گەڕانەوەی کەرکوک بوو بۆسەر ئەو دەوڵەتەی کە لەئایندەیەکی نزیک ڕادەگەیێنرێ.
بڵاوبوونەوەی ئەو ڕاپۆرتە لە ماڵپەڕی ئیسرائیلی “میدلێس” لە کاتێکدایە کە کۆماری ئیسلامی ئێران لەبارە دروستبوونی دەوڵەتی کوردی لە ناوچەکە بە توندی لەسەر خەتە و دژایەتی خۆشی بەرامبەر بەو پرسە بۆ کورد و ئیسرائیل ڕاگەیاندووە.
جار خوێنراوه‌ته‌وه‌:
 
Top