GuidePedia





وەك پەرچەكردارێك بەرامبەر بە بڕیارەكانی لێژنەی باڵای ئەنفلەوەنزای باڵندەی عێراقی فیدڕاڵ و وەزارەتی كشتوكاڵی بەغدا بۆ ئەو بڕیارە سیاسییەی داویانە لە قەدەغەكردن و رێگرتن لە هەناردەی مریشك و هێلكە لە كوردستانەوە بۆ ناوەڕاست و خوارووی عێراق، وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان رێگەی  هاوردەكردنی بەروبومی ئاژەڵی بە خاكی هەرێمی كوردستانەوە بەرەو پارێزگەكانی تری عێراق داخست.

ماجید دەباغ بەڕێوەبەری راگەیاندنی وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاوی حكوومەتی هەرێمی كوردستان  ڕایگەیاند، لە پێناو پاراستنی بەرهەمی ناوخۆی پەلەوەر لە گۆشت و هێلكە، وەك پەرچە كردارێك بۆ بڕیارەكانی لێژنەی باڵای ئەنفلەوەنزای باڵندەی عێراقی فیدڕاڵ و وەزارەتی كشتوكاڵی بەغدا بۆ ئەو بڕیارە سیاسییەی داویانە لە قەدەغەكردن و رێگرتن لە هەناردەی مریشك و هێلكەی هەرێم بۆ ناوەڕاست و خوارووی عێراق، وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی حكوومەتی هەرێم هیچی تر رێگە نادات بەروبومی ئاژەڵی بە خاكی هەرێمی كوردستانەوە بەرەو پارێزگەكانی تری عێراق بچێت.

دەباغ زیاتی دەڵێ‌، "وەزارەتی كشتوكاڵ بڕیاریدا بۆ لەمەودوا رێگەنەدان بەهەناردەی سەرجەم بەروبوومی ئاژەڵی بۆ ناوەڕاست و خوارووی عێراق لەگەڵ گشت ئەو بەروبوومانەی كە عێراق لەدەرەوە هاوردەیان دەكات بەشێوەی پەڕینەوە كە بە خاكی هەرێمدا دەڕوات، هەروەها خاوەن كێڵگەكانی هێلكەی خواردن دەتوانن بەرهەمەكانیان لە بازاڕەكانی هەرێمی كوردستان ساغ بكەنەوە و هەموو ئاسانكارییەكیان بۆ فەراهەم دەكرێت و بۆ ماوەی دوو مانگ سەربەست دەبن لە فرۆشتنی هێلكە بەبێ مۆری بەسەرچوون و لەم ماوەیە دەبێت مۆری تایبەت دروست بكەن و خەتمی دیاریكردنی رێككەوتی بەسەرچوون بۆ هێلكەكان لە دوای دوو مانگەكە دەبێتەوە مەرج لەسەریان".

"رێگە نەدان بە هەناردەی ئالیك و پێكهاتەكانی لە خاكی هەرێم و ئەوانەی لە دەرەوەش هاوردە دەكرێت بۆ ناوەڕاست و خوارووی عێراق، ئەنجامدانی كۆبوونەوەیەكی بەپەلە لەگەڵ كۆمەڵەی بەخێوكردنی پەلەوەر بۆ دۆزینەوەی چارەسەری خێرا بۆ كەمكردنەوەی زیانەكان و لەوانەش هەوڵی وەزارەت بۆ دابینكردنی بودجەیەك بۆ كڕینەوەی بەشێك لەبەرهەمەكان".

ئاماژەیدا، كەم كردنەوەی هاوردنی گۆشتی مریشك لە دەرەوە لە سەرجەم پارێزگەكانی هەرێم و هەر كاتێك نرخ بەرز بووەوە, چاوخشاندن بەم بڕیارە دەكرێتەوە، هەروەها داوا لە سەرۆكایەتی ئەنجوومەنی وەزیران دەكرێت كە ئەو وەزارەتانە پابەند بكات بەكڕینەوەی گۆشتی مریشك و هێلكەی خۆماڵی كە گرێبەستی دابینكردنی خۆراكیان لەگەڵ بەڵێندەران هەیە.

ماوەی پتر لە 15 رۆژە حكوومەتی عێراق رێگە نادات بەروبومی پەلەوەر و گۆشتی مریشك و هێلكەی بەرهەم هاتووی كێلگەكانی هەرێمی كوردستان بەرەو پارێزگەكانی تری عێراق بچێت بە بیانووی بوونی مەترسی پەتای ئەنفلوەنزای باڵندە، سەرەڕای ئەوەی بە پێی دوایین پشكنینەكانی وەزارەتی كشتوكاڵی عێراق و لێژنەی باڵای ئەنفلەوەنزای باڵندە هیچ حاڵەتێكی پەتای ئەنفلوەنزای باڵندە لە هەرێمی كوردستان تۆمار نەكراوە.
جار خوێنراوه‌ته‌وه‌:
 
Top