GuidePedia





سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق وەڵامی قسەیەكی سەرۆكوەزیرانی عێراق دەداتەوە، كە گوتبووی ئەگەر حكومەتی كوردستان تەواوی نەوتەكەیان رادەست بكات، ئەوا مووچەی فەرمانبەران دابین دەكات. ئەو بەرپرسەی پارتی دەڵێت "ئەو قسەیەی عەبادی گەڵتەكردنە بە هەستی خەڵكی كوردستان ‌و هیچ راستییەكی تێدا نییە".

شەوی رابردوو 15/2/2016، حەیدەر عەبادی، سەرۆكوەزیرانی عێراق رایگەیاند "ئەگەر هەرێمی كوردستان تەواوی نەوتەكەی رادەستی بەغدا بكات، ئەوا حكومەتی عێراق مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان دابین دەكات". بەگوتەی عەبادی، هەرێمی كوردستان رۆژانە 16% ی نەوتی عێراق هەناردە دەكات.

خەسرەو گۆران، سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق راگەیاند، عەبادی جارجار بۆ جوڵاندانی هەستی خەڵكی كوردستان بەلای خۆیدا قسەی ناڕاست ‌و لابەلا دەكات. گوتیشی "ئەگەر عەبادی لەو قسەیەیدا راست دەكات، با بە رێككەوتنی هەرێمی كوردستان لەگەڵ بەغدا پابەند بووایە بۆ فرۆشتنی نەوت، بەڵام بەهیچ جۆرێك بەو رێككەوتنە پابەند نەبوون، تەنانەت جارێك خودی خۆی بە منی گوت چەند نەوت بنێرن ئەوەندە پارەتدان دەدەینێ‌، واتە نەوتی لێدەكڕین نەك پابەندی رێككەوتنێك بێت".

خەسرەو گۆران جەختی لەوەش كردەوە، هەرێمی كوردستان پابەندی ئەو رێككەوتننامەیە بووە كە لەگەڵ بەغدا هەیبوو بۆ فرۆشتنی نەوت و، زیاتر گوتی "لە مانگی چوار ‌و پێنجی ساڵی پێشوو، هەرێمی كوردستان رۆژانە 550 هەزار بەرمیل نەوتی لەڕێگەی بەغداوە هەناردەكرد، بەڵام بەغدا هەر پابەندی رێككەوتننامەكە نەبوو، ئەو جۆرە قسانە تەنیا گاڵتەكردنن بە هەستی خەڵكی كوردستان".

هەر دوای ئەو قسانەی عەبادی، ئەحمەدی حاجی رەشید، بڕیاردەری لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، بارودۆخی فەرمانبەرانی عێراق هێندە باش نییە، تا عەبادی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بنێرێت.
جار خوێنراوه‌ته‌وه‌:
 
Top