GuidePedia



بەشار موشیر ئاغا، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لە فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان بە (تۆڕی میدیایی رووداو)ی راگەیاند، مووچەی 6 مامۆستا و 2 کارمەندی قوتابخانەی گوندی بامەرزێی لە سنووری قەزای بەردەڕەش گرتووەتە ئەستۆی خۆی، ئەوەش لە پێناو ئەوەی کە خوێندن لەو قوتابخانەیە پەکی نەکەوێت.




بەشار موشیر گوتی:"ئەگەر توانای ماددیم هەبوایە، مووچەی چەندین قوتابخانەی دیکەشم دابین دەکرد، لە پێناو ئەوەی کە خوێندنی قوتابیان دوانەکەوێت".

مامۆستا وەلید ئیسماعیل، بەڕێوەبەری قوتابخانەی بامەرزێی بنەڕەتی بە(تۆڕی میدیایی رووداو)ی راگەیاند: "ئەو پەرلەمانتارە خۆبەخشانە مووچەی مامۆستایانی قوتابخانەکەمان دابین دەکات و لەسەر داواکاری ئێمە نەبووە. لە مانگی یەکی ئەمساڵیشەوە مووچەمان بۆ دابیندەکات تاوەکو کۆتایی وەرزی خوێندن یان کۆتاییهاتنی قەیرانی دارایی".

ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان لە رۆژی 3-2-2016 ، 7 بڕیاری بۆ تێپەڕاندنی قەیرانی دارایی راگەیاند و یەکێک لە بڕیارەکان پاشەکەوتکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانە، کە بەپێی ئەو خشتەیەی بڵاوکراوەتەوە مامۆستایان لەنێوان 30 بۆ 50%-ی مووچەکانیان پاشەکەوت دەکرێت ئەویش بەپێی زۆری و کەمی مووچەکانیان.
جار خوێنراوه‌ته‌وه‌:
 
Top