بەشێك لە كادرە دیارەكانی ناو یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان ئاشكرای دەكەن، گۆڕان بە سیاسەتەكانی ویستی یەكێتی شكست پێ بهێنێت و نەیهێڵێت، بۆیە داوا دەكەن یەكێتی هەوڵی رێككەوتن لەگەڵ گۆڕان و یەكگرتنەوە نەدات.
ئازاد تۆفیق، كادری دیاری یەكێتی، ئاشكرای كرد كە دروستبوونی گۆڕان هەر لە سەرەتاوە دژی یەكێتی بووە و مەبەستەكەیش لەناوبردنی یەكێتی بووە.
ئەو گوتی، "گۆڕان ئەوكاتەی بەهێز بوو و لە كۆبوونەوەكاندا بە ئاشكرا دەیانگوت یەكێتی نەماوە، سیاسەتیشیان بەو ئاراستەیەدا دەكرد كە یەكێتی لەم سنوورە نەهێڵن و ئەوان ببنە حاكم، بەڵام بۆیان دەركەوت ئەوە وەهمە و هەرگیز بەدی نایەت".
لەبارەی رێككەوتن و یەكگرتنەوەی یەكێتی و گۆڕانیش، ئەو كادرە گوتی، "دەبێت یەكێتی ئەوە بزانێ گۆڕان لە ناسكترین بارودۆخدا لە یەكێتی جیا بووەوە، ئێستەیش ناكرێت سەركردایەتی یەكێتی متمانە بە گۆڕان بكەن و لەگەڵیدا رێك بكەون، چونكە ئەوان لە بێ هێزی و ماڵ لێتێكچووندا پەنا بۆ هەموو هێزێك دەبەن".
ئازاد تۆفیق دووپاتی كردەوە، "وەك چۆن پێشتر رام گەیاندووە، ئێستەیش دەیڵێمەوە هەركات یەكێتی و گۆڕان یەكیان گرتەوە، من دەست لەكار دەكێشمەوە، چونكە پێم قبووڵ ناكرێت ئەوان كە ماڵی یەكێتییان تێك دا، ئێستە بێنەوە ناو یەكێتی و ئەو چەند ساڵەیش لەبیر بكرێت كە بەرامبەر بە یەكێتی چییان كرد".
یەكێتی و گۆڕان، وەك سەركردەكانیان باسی دەكەن، لە ئێستەدا سەرقاڵی پڕۆژەیەكن بۆ رێككەوتنی نێوانیان و بەشێك لە سەركردەكانی یەكێتی ئەوە دەڵێن، پێ دەچێت ئەو رێككەوتنە تا ئاستی یەكگرتنەوە بڕوات.
لەلایەكی تریشەوە، مامۆستا جەعفەر، ئەندامی پێشووی مەكتەبی سیاسیی یەكێتی، هێمای بۆ ئەوە كرد، سەركردایەتی یەكێتی باش لە گۆڕان تێ نەگەیشتووە.
ئەو گوتی، "بەشێك لە سەركردەكانی یەكێتی پێیان وایە ئامادەن ئێستە لەگەڵ گۆڕان رێك بكەون و هەموو شتێك كۆتای پێ بێت، بەڵام من سەركردایەتی گۆڕان وا نابینم، بەتایبەت ئەوانەی ئیدارەی گۆڕانیان بە دەستەوەیە و بڕیار بەدەستن لەناو گۆڕان، ستراتیژی خۆیان لەسەر تێكوپێكشكاندنی یەكێتی داڕشتووە و هەوڵ بۆ پلیشانەوەی یەكێتی دەدەن كە جۆرێكە لە خەیاڵ". هەروەها گوتی، "ئاشكرابوو گۆڕان ویستی پێگەی یەكێتی داگیر بكات، بەڵام ئەم چەند ساڵە دەركەوت، نەك گۆڕان ناتوانێ ئەوە بكات، تەنانەت ئەگەر یەكێتی نەمێنێت، ئەوا گۆڕانیش توانای مانەوەی نییە".
هەرچی بزووتنەوەی گۆڕانە، رەتی دەكاتەوە گۆڕان بۆ مەبەستی شكست پێهێنان و وەدەرنانی یەكێتی لە گۆڕەپانەكە دروست بووبێت و پێشوازیش لە رێككەوتنی نێوانیان دەكەن لەگەڵ یەكێتیدا.
ئاسۆ مەحموود، باژێڕوانی سلێمانیی بزووتنەوەی گۆڕان، ئاماژەی بەوە دا، یەكێتی هێزێكە مێژوو و پێگەی خۆی هەیە و ناتوانرێ بخرێتە دەرەوەی گۆڕەپانەكە.
ئەو گوتی، "ئەوە هەڵەیە وا كە گۆڕان بۆ لەناوبردنی یەكێتی دروست بووبێت، گۆڕان هەوڵێكی ریفۆرمی بوو كە لەناو ئەو حزبەدا شكستی هێنا و گۆڕانی لێ دروست بوو، وەك دیاریشە گۆڕان بە سیاسەت و بەرنامەی خۆی كار دەكات و یەكێك لە هێڵە بنەڕەتییەكانیشی، كاركردنی پێكەوەیی و ئاشتییانە و دۆستانەیە لەگەڵ هەموو هێز و لایەنێكدا". ئاشكرای كرد، گۆڕان و یەكێتی گەیشتبوونە ئەو بڕوایەی رێككەوتنی نێوانیان و لێكنزیكبوونەوەی زیاتریان، پێویستییەكە و هەردوولایش بڕوایان پێ هێناوە.
بزووتنەوەی گۆڕان، ساڵی 2009 لەسەر دەستی نەوشیروان مستەفا و كۆمەڵێك سەركردەی جیا بووەوە لە یەكێتی دروست بوو، چوار ساڵ بە ئۆپۆزسیۆنی مایەوە و لە كابینەی هەشتی حكوومەتی هەرێمیشدا، جگە لە سەرۆكی پەرلەمان، چوار وەزیری بەركەوت.
جار خوێنراوهتهوه: