GuidePedia



بایکۆتکردنی ھۆڵەکانی خوێندن لەلایەن مامۆستایانی ھەردوو پارێزگای سلێمانی ھەڵەبجە بەردەوامە، وتەبێژی وەزارەتی پەروەردەش رایدەگەیەنێت: ئەگەر بایکۆتکردن بەردەوام بێت، رەنگە کۆمەڵێک بڕیار دەربکەن.


ھەرچەندە لەلایەن لێپرسراوانی پەروەردەوە داوا لەمامۆستایان دەکرێت بچنەوە ھۆڵەکانی خوێندن، بەڵام تائێستا مامۆستایان لەبایکۆتکردن بەردەوامن و بە مەرجی پێدانی موچەی سێ مانگی رابردوو، ئامادەن بایکۆتکردن بشکێنن.


فاتیح مەولەوی زادە، وتەبێژی وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی ھەرێم لەلێدوانێکدا راگەیاند: داواکاری مامۆستایان گەیەنراوەتەوە لایەنی پەیوەندیدار، وەڵامەکەش روونە لەئێستادا حکومەت ئەو پارەیەی لەبەردەستدا نییە، بەتایبەت کە رێژەیەکی زۆر مامۆستاو فەرمانبەر لەوەزارەتی پەروەردە ھەیە، ئەمەش بارگرانییەکی زۆری خستۆتەسەر حکومەتی ھەرێم.


وتیشی: "زوو بەزوو پێدانی موچە بە مامۆستایان، تەنیا بۆئەوە بووە بایکۆتەکە بشکێنن، چونکە دەرگا داخستن بەڕووی خوێندکاراندا زیانی بۆ ئایندەی کوردستان دەبێت".


وتەبێژی وەزارەتی پەروەردە، ئاشکرایکرد کە "ئەگەر بێتو حکومەتی ھەرێم پارەی بێتەدەست، پێش ھەموو وەزارەتەکانی دیکە، بۆ وەزارەتی پەروەردەی دابین دەکات، جگە لەوەزارەتی پێشمەرگە".


سەبارەت بەبەرپرسیارێتی دۆخەکە، فاتیح مەولەوی زادە وتی:"ئەگەر پارە لەوەزارەتی پەروەردە ھەبێت و دابەش نەکرێت، تاوانێکی گەورەیەو وەزارەت لێی بەرپرسیار دەبێت، بەڵام دەرگا داخستن بەڕووی خوێندکاراندا، بەرپرسیارێتیەکەی دەکەوێتە ئەستۆی مامۆستایان کە ھەر دەبێت خۆیان قەرەبوویان بکەنەوە".


وتیشی: "بایکۆتکردنی ھۆڵەکانی خوێندن تا دوو مانگیش ئاساییە و قەرەبوو دەکرێتەوە، بەڵام ئەگەر بگاتە نزیکی سێ مانگ قەرەبووکردنەوە ناکرێتەوە، چونکە ناکرێت لەھاویندا دەرگای خوێندنگەکان بکرێتەوە".


بەوتەی ئەو بەرپرسەی وەزارەتی پەروەردە، "لەئێستادا بیر لەوە نەکراوەتەوە پڕۆسەی خوێندن لەو شوێنانەی بایکۆتی تێدایە دوابخرێت، بەڵام ئەگەر پڕۆسەکە ھەروا بەردەوام بێت، رەنگە کۆمەڵێک بڕیاری دیکە بدرێت".
جار خوێنراوه‌ته‌وه‌:
 
Top