لە وشەیەکی کۆنی یۆنانییەوە وەرگیراوە کە واتای نیوەی کاسەی سەر دەبەخشێت. جۆرێکە لەنەخۆشییە نۆیرۆلۆجییەکان (نەخۆشییەکانی مێشک و دەمار) کە نزیکی ١٠% مرۆڤایەتی بەدەستییەوە دەناڵێنێت، بەتایبەتی خانمان کە سێ ھێندەی پیاوان زیاتر دووچاری دەبن.
شایەنی باسە نزیکەی ٢٥٠ جۆر سەرئێشە ھەیەو ھەرجۆرەی بەتایبەتمەندییەکانی خۆی دەناسرێتەوە، ھەر بۆیە زۆر گرنگە پزیشک و پسپۆڕی چارەسەرکار بەنیشانەو تایبەتمەندییەکانی ئەم جۆرە لە سەرئێشە ئاشنابن و لەجۆرەکانی دیکە بۆیان جیابکرێتەوە.
جیاواز لە بڵاوترین جۆر لە سەرئێشە کە پشکی شێری بەردەکەوێت و بە ئازاری سەر بەھۆی پەستان و گرژییەوە ناوزەند دەکرێ و زۆر جار تەواوی سەر دەگرێتەوەو ماوەی نیو کاتژمێر تا نزیکەی ٧ ڕۆژ دەخایەنێت، ئەم جۆرەیان (شقیقە) لەدرێژترین کاتدا نزیکەی ٧٢ کاتژمێر دەخایەنێ و تەنھا یەک نیوەی سەر دەگرێتەوەو توشبووان بەئازارێکی تیژی ترپەئامێزی قوڵ وەسفی دەکەن، کە زۆر جار تەواو نائارام و توڕەو لاوازییان دەکات .
یەکێک لە نیشانە سەرەکییەکانی دیکەی (شقیقە) پێی دەگوترێت AURA کە لەئاماژەکانی پێش کاتی دەستپێکردنی ئەم جۆرە لە سەرئێشەیەو بەڕێژەی ١٥-٢٠% لە توشبوواندا بەدی دەکرێت.
تێکچونی توانای بینین، سڕبون و بونی بریسکەو تەزوی ئازار بەتایبەتی لەقاچ و قۆڵ و دەموچاودا، تێکچونی توانای تام و چێژکردن، تێکچونی ھاوسەنگی لەش، تێکچونی توانای قسەکردن ھەندێک لە نیشانەکانی ئاوران(AURA) کە لەکەسێکەوە بۆ کەسێکی دی ئەشێ جیاواز ھەستی پێ بکرێت.
ئاورا تا نزیکەی ٦٠ خولەک دەخایەنێت.
جۆرێکی تر لەئاماژەکانی پێش کاتی دەستپێکردنی سەرئێشەی جۆری (شقیقە) ڕێژەی ٣٠% لە توشبووان دووچاری دەبن و ئەم نیشانانەیان لێ دەردەکەوێت:
ھەست کردن بە ماندویی زۆر، باوێشکدانی زۆر، تێکچونی گەدەو ڕیخۆڵەو قەبزبون، ھەستیاربون بە دەنگی بەرز.
شایەنی باسە ئەم ئاماژە پێش وەختانە چەند خولەکێک تا ٢ ڕۆژ پێش سەرئێشە سەرەکییەکە بەدی دەکرێن و نزیکەی ٢ کاتژمێر دەخایەنن.
پاش تێپەڕبونی یەکێک لەو دوو جۆرە لە قۆناغی ئاماژەکانی دەسپێکردنی سوڕو تەوژمێکی دیکە لە (شقیقە) قۆناغی سەرەکی سەرئێشە بەم شێوازەی خوارەوە دەست پێدەکات:
بەئازاربونی نیوەی سەر، جوڵەو خۆماندوکردن ئازارەکان زیاتر دەوروژێنن، لەکاتێکدا پشودان لە تاریکی و بێدەنگی دا ئارام بەخشە، نزمبونەوەی خواستی خواردن، دڵ تێکەڵھاتن و ڕشانەوە، تێکچونی توانای تام و چێژکردن، ھەستیاربون بە ڕوناکی و دەنگی بەرز، ...ھتد.
ماوەی خایەنراو لەکەسێکەکەوە بۆ کەسێکی دیکە جیاوازە، بەڵام بەگشتی ٦٠ خولەک تا ٣ ڕۆژ دەخایەنێت.
ھۆکارەکانی توشبون بە (شقیقە):
ئەگەرچی پسپۆڕان ھێشتا ھۆکاری سەرکی توشبون بەو جۆرە سەرئێشەیەیان تەواو لا ڕون نییە، لەگەڵ ئەوەشدا ھەندێک ھۆکار ھەیە کە ئەگەری توشبون زیاد دەکەن ، لەوانەش ھۆکاری بۆماوەیی جینی، تێکچونی ھۆرمۆنی، فاکتەری ژینگەیی، تێکچون وکورتبونی ڕیتمی خەو و حەوانەوە، دڵەڕاوکێ و نائارامی دەرونی، فاکتەری خۆراکی، زۆر و خراپ بەکارھێنانی حەب و دەرمان، کێش زۆری...ھتد
چارەسەرو خۆپاراستن:
توشبووان ئەو ڕاستییە دەزانن کە باش بون یان چاکبونەوەی درێژخایەن لەو نەخۆشییە ھێندە ئاسان نییە، لەگەڵ ئەوەشدا دەتوانن لە پابەندبون بەم چەند ڕێنماییەی خوارەوە
سودمەند بن:
١. چارەسەر بە دەرمانی تایبەت بەشێوەیەکی کاتی و کەم ھەندێک جار پێویستە، گەر ئازارەکان زۆر بەھێزبن.
٢. خۆبەدورگرتن لەفاکتەرەکانی وەک دڵەڕاوکێ و نائارامی دەرونی، کەم خەوی، کێش زۆری، زۆر ماندوبون، جگەرەکێشان، خواردنەوەی ئەلکحول، قەرەباڵەغی و دەنگی بەرز...ھتد ئازارەکان کورت خایەن ترو لاوازتر دەکات، ھەروەھا قۆناغی بێ ئازاری درێژتر دەکاتەوە.
٣. وەرگرتنی چارەسەری فیزیایی و گەرمی زۆر بەسودەو ڕێگەچارەیەکی باشە بۆ لابردنی کێشە لاوەکییەکانی وەک گرژی ماسولکەو دەمارو بەگیروەستان و کەمبونەوەی جوڵەی جومگەکانی بڕبڕەی پشت بەگشتی، کەدەبێتە ھۆی کەمکردنەوەی ئازارەکان بەشێوەیەکی بەرچاوو بۆ ماوەی درێژخایەن تر.
٤. جوڵەو وەرزش زۆر بەسودن دژی ھەموو گرفتە جەستەیی و دەرونییەکان و ھەرەھا دژی ئەم جۆرەش لە سەرئێشە.
جار خوێنراوهتهوه: