GuidePedia



بە گوتەی هەڵسوڕاوێکی بزووتنەوەی گۆڕان، نەوشیروان مستەفا رێکخەری گشتی بزووتنەوەی گۆڕان پەیامی بۆ کۆبوونەوەی جڤاتی نیشتمانی گۆڕان هەبووە و لە پەیامەکەیدا رایگەیاندووە:" پشت بە مەسەلەی یاسایی و پاڵپشتیی نێودەوڵەتی مەبەستن. چونكە شت بە یاسا ناكرێ، بە ئەمری واقیع دەكرێ ".

هەڵسوڕاوێکی دیاری بزووتنەوەی گۆڕان كە داوای كرد ناوی بڵاونەكرێتەوە، بەتۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند" نەوشیروان مستەفا، رێكخەری گشتیی بزووتنەوەی گۆڕان، پەیامێكی بۆ كۆبوونەوەكانی جڤاتی نیشتمانی هەبووە".

سەبارەت بە ناوەڕۆکی پەیامەکەی نەوشیروان مستەفا، ئەو هەڵسوڕاوەی بزووتنەوەی گۆڕان گوتی: "كاك نەوشیروان گوتی خۆتان هەر بڕیارێك بدەن من لەگەڵتان دەبم، بەڵام پشت بە مەسەلەی یاسایی و پاڵپشتیی نێودەوڵەتی مەبەستن. چونكە شت بە یاسا ناكرێ، بە ئەمری واقیع دەكرێ و لایەنی دەرەوە و نێودەوڵەتیش زیاتر لە بەرژەوەندیی پارتی هەڵوێست وەردەگرن". 

ئاواتی شێخ جەناب، ئەندامی جڤاتی نیشتیمانیی بزووتنەوەی گۆڕان، كە خۆی بەشداری كۆبوونەوەكە بووە، وەكو رای تایبەتی خۆی قسەی بۆ (رووداو) كرد و هیچكام لەو زانیارییانەی هەڵسوڕاوەكەی گۆڕانی لەسەر نێوەڕۆكی كۆبوونەوەی جڤاتی نیشتمانی رەتنەكردەوە و گوتی "ساڵێك پێش ئێستا ژووری توێژینەوەی سیاسیی گۆڕان شیكردنەوەی بۆ دۆخی ئێستا كردبوو". 

لە رۆژی 16-10-2015 جڤاتی نیشتمانی بزووتنەوەی گۆڕان بەبێ نەوشیروان مستەفا رێکخەری گشتی ئەو بزووتنەوەیە کۆبووەوە و دوای کۆبوونەوەکە راگەیێندراوێکیان بڵاوکردەوە.

بەتۆمەتی ئەوەی بزووتنەوەی گۆڕان سەرپەرشتی خۆپیشاندانەكانی سەرەتاکانی مانگی 10-ی كردووە و خۆپیشاندەرانی بۆ ئەنجامدانی تووندوتیژی هانداون کە ژمارەیەك بارەگای پارتی لە سنوورەكانی سلێمانی و هەڵەبجە و گەرمیان سووتێندران، پارتی دیموكراتی كوردستان دوای ئەنجامدانی كۆبوونەوەیەكی مەكتەبی سیاسی، رۆژی دووشەممە 12 ی تشرینی یەكەمی 2015، بزووتنەوەی گۆڕانی لە حكومەت دەركرد و رێگریشی لە یوسف محەممەد، سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان كرد بگەڕێتەوە هەولێر.
جار خوێنراوه‌ته‌وه‌:
 
Top