GuidePedia



وەزیرێکی گۆڕان نیگەرانە لەو دۆخەی بزووتنەوەکەی بەسەری هێناون و دەڵێ "ئێمە لە کاری خۆمان رازی بووین و پارتی هەرگیز رێگری بۆ دروست نەکردووین، بەڵام حزبەکەی خۆمان یاریی پێ کردین و بەکاری هێناین".

رۆژی 9ی تشرینی یەکەمی 2015 لە قەڵادزێ /سەربە پارێزگەی سلێمانی/ خۆپێشاندان دەستی پێکرد و بە ئاراستەی بارەگای پارتی لەو ناوچەیە رۆشتن و سووتاندیان، رۆژانی دواتر لە شارۆکەکانی تری سلێمانی بەهەمان شێوە بارەگا و کادرانی پارتی کرانە ئامانجی خۆپێشاندەران و پارتی ئەو هەڵمەتە بە دەستی گۆڕان و "ئاژاوەگێری بەرنامە بۆ داڕێژراو" دەزانێت، بۆیە سێ رۆژ دواتر وەزیرەکان و سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان لە کارەکانیان دەرکرد، بەو پێیەی پارتی لایەنی پێکهێنەری حکوومەت بووە لە دوای هەڵبژاردن.

وەزیرێکی گۆڕان کە ئێستە لە پۆستەکەیدا نەماوە، بە "وشە"ی راگەیاند "ئێمە لە کارەکانمان رازی بووین و لەگەڵ ستافی حکوومەت هیچ کێشەیەکمان نەبوو، تەنانەت پارتی هەرگیز رێگر نەبوو لە کارەکانمان، بەڵام بزووتنەوەی گۆڕان ئێمە ناردە حکوومەتەوە و خۆیشی لە دژی حکوومەت و پارتی کاری دەکرد تا دۆخەکەی بەم رۆژە گەیاند".

لەبارەی هۆکاری دواکەوتنی مووچە کە گۆڕان پارتی پێ تۆمەتبار دەکات، ئەو وەزیرە کە لەسەر داوای خۆی ناوی ئاشکرا ناکرێ، گوتی "لە راستیدا پارە لە حکوومەت نەبوو، نەک هەبێت و پارتی بیشارێتەوە، ئەنجوومەنی وەزیران 21 ئەندامی هەبوو تەنیا 5 وەزیر و سەرۆکی حکوومەت پارتی بوون، بۆیە هیچ شتێکی شاراوە نەبوو لە رووی داراییەوە، پارەی نەوت لەکاتی خۆی نەدەگەیشت و ئەوەیش دەسەڵاتی کەسی تیادا نەبوو، بۆیە دواکەوتنی مووچە پێوەندی بە پارتییەوە نەبوو، بەڵام هەموو حزبەکان و لەناویاندا بزووتنەوەکەی ئێمەیش یارییان بە دۆخەکە دەکرد".

"گۆڕان نە دۆست بوو نە دوژمن، نەیدەزانی چی دەکات، ئێمە ناردبووە حکوومەت و خۆی وەک حزب و میدیا دژی حکوومەت بوو، بۆیە دۆخەکە بەم رۆژە گەیشت و ئێمەیشیان تووشی ئیحراجی کرد، کەچی لە بەیاننامەکەی جڤاتی نیشتمانیی داوا دەکەن بەردەوام بن لە حکوومەت" وەزیرەکە وای گوت.

ئەو وەزیرە پێی باشە گۆڕان نەچێتەوە ناو حکوومەت یان ئەگەر چووەوە ناو حکوومەت یەکڕوو بێت و تەحەمولی دۆخەکە بکات، نەک هەوڵ بدات سۆزی خەڵک بجوڵێنێ، "ئەگەر لە حکوومەت بین کەواتە ئێمەش بەرپرسین لە کەموکوڕییەکان".

تا ئێستا حکوومەتی هەرێم شێوەنگرەوەی بۆ وەزیرەکانی گۆڕان دانەناوە و پارتی لای خۆیەوە کۆتایی بە پێوەندییەکانی لەگەڵ ئەو بزووتنەوە 7 ساڵییە هێنا.
جار خوێنراوه‌ته‌وه‌:
 
Top