GuidePedia



سەرۆكی هەرێمی كوردستان رێز لە تیمی دژەتیرۆری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان دەنێت كە ئۆپەراسیۆنەكەی حەویجەیان ئەنجامدا و دەڵێت " ئێوە نێوبانگی كوردتان لە جیهان بەرزكردەوە، ئەو شەوەی ئۆپەراسیۆنەكەتان ئەنجامدا، من سات بە سات بەدواداچوونم دەكرد و دڵم لەلاتان بوو".

ئەمڕۆ سێشەممە 27ی تشرینی یەكەمی 2015، مەسعود بارزانی بەئامادەبوونی مەسروور بارزانی، راوێژكاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان، لەگەڵ تیمەكەی دژەتیرۆری ئەنجوومەنی ئاسایش كۆبووەوە، كە بەشداریان لە ئۆپەراسیۆنی رزگاركردنی 69 دیلی نێو زیندانەكەی داعش لە حەویجە كرد. 

بارزانی لە گوتەیەكدا پیرۆزبایی و دەستخۆشی لێكردوون و بەئاماژەدان بە رۆڵی قارەمانانەی دژەتیرۆر رایگەیاندووە " ئەو شەوەی ئۆپەراسیۆنەكەتان ئەنجامدا، من سات بە سات بەدواداچوونم دەكرد و دڵم لەلاتان بوو. بۆیە دوای تەواوبوونی ئۆپەراسیۆنەكە ویستم لە نزیكەوە بتانبینم و دەستخۆشیتان لێ بكەم".

بەپێی راگەیێندراوێكی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان، بارزانی گوتوویەتی" ئێوە مایەی سەربەرزیی گەلەكەتانن و مێژوویەكتان بۆ خۆتان و گەلەكەتان تۆماركرد، كە ‌بە مەشق و راهێنانی خۆتان قەناعەتێكتان لەلای هاوپەیمانان دروستكرد بێن لەگەڵ ئێوەدا لەنێو جەرگەی دووژمن ئەم ئۆپەراسیۆنە ئەنجامبدەن".

لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا سەرۆكی هەرێمی كوردستان گوتوویەتی" بەپێی زانیاری و بەدواداچوونەكان، ئەو ئامانجەی ئێوە بۆی چووبوون ئامانجێكی زۆر گەورە بوو، بەڵام كاری مرۆیی و خێر لەگەڵ هەر كەسێك بێت، زۆر گەورەیە، ئێوە بوونە هۆی رزگاركردنی 69 كەس، كە لەلایەن تیرۆریستانەوە بڕیاری كوشتنیان درابوو".

بارزانی لە بەردەم ئەندامانی تیمەكەی دژە تیرۆر راشیگەیاندووە" هەرچەندە نێوبانگی گەلی كورد و پێشمەرگە بەرزە، بەڵام بەم ئۆپەراسیۆنە، ئێوە نێوبانگی گەلی كوردتان زیاتر بەرزكردەوە". ئاماژەی بەو‌ وتار و راپۆرتانەش كردووە، كە لە ئاستی میدیای جیهانیدا باس لە گەورەیی ئۆپەراسیۆنەكە دەكەن، كە لە ناوچەكەدا كەموێنە بوو.

لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا بارزانی سەرەخۆشی لە سوپای ئەمریكا و كەسوكاری ئەو سەربازە ئەمریكییە كردووە، كە لەو ئۆپەراسیۆنەدا گیانی بەخشی و هیوای بەپەلە چاكبوونەوەشی بۆ بریندارانی تیمەكەی دژەتیرۆری ئەنجوومەنی ئاسایش خواستووە. لە كۆتایی كۆبوونەوەكەش بارزانی خەڵاتی رێزلێنانی بە تیمە بەشدارەكەی دژەتیرۆر بەخشیوە و هیوای سەركەوتنی زیاتری بۆ خواستوون.

كاژێر 2ی بەرەبەیانی رۆژی 22/10/2015 ، بە بەشداری 48  كارمەندی دژەتیرۆری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان و 30 سەربازی ئەمریكی هێزی كۆماندۆ، بە 6 هەلیكۆپتەر ئۆپەراسیۆنی هەڵۆی برسی لە قوڵایی 7 كیلۆمەتر لە باكووری حەویجە ئەنجامدرا، ئۆپەراسیۆنەكە 2 كاژێری خایاند و بە رێژەی 91% سەركەتووبوو، لە ئەنجامدا 69 دیل كە سەرجەمیان عەرەب بوون ئازادكران، 20 چەكداری داعش كوژران و 6 چەكداری دیكەش بەدیل گیران. هەروەها سەربازێكی ئەمریكی كوژراو 3 ئەندامی تیمەكەی دژەتیرۆری ئەنجوومەنی ئاسایشی كوردستانیش برینداربوون.
جار خوێنراوه‌ته‌وه‌:
 
Top