GuidePedia



لێپرسراوی دەستەی كارگێڕی مەكتەبی سیاسی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان رایگەیاند:"  یەكێتیی خۆی لەبەرپرسیارێتی نادزێتەوە‌و مەحاڵە سەربەخۆیی بڕیاری سیاسی حزبەكەمان بدۆڕێنین".

ئێوارەی رۆژی شەممە 17 ی تشرینی یەكەمی 2015،   لەبارەگای مەكتەبی سیاسی لەسلێمانی، مەلا بەختیار لێپرسراوی دەستەی كارگێڕی مەكتەبی سیاسی یەكێتیی،  پێشوازی لەژمارەیەك سەرۆك عەشیرەت‌و كەسایەتی دیاری ناوچە جیاجیاكانی كوردستان كرد.

مەلا بەختیار لێپرسراوی دەستەی كارگێڕی مەكتەبی سیاسی یەكێتیی ئاماژەی بەوە کرد:" لەهەندێ جومگەدا دۆخەكە بەبنبەست گەیشتووە، بەڵام هەڵوێستی یەكێتیی وەك هەمیشە رۆشنەو بەشێكە لەچارەسەر، دۆخەكە هەرچۆنێك بێ، یەكێتیی خۆی لەبەرپرسیارێتی نادزێتەوە‌و هێندەی ئەرك‌و لێپرسراوێتی دەكەوێتە سەرشانی، خۆی بە بەرپرسیار دەزانێ".

بەپێی میدیاکانی یەکێتی، مەلا بەختیار جەختیکردووەتەوە لەوەی کە "لەگەڵ هەر حزبێكدا پەیوەندی‌و رێككەوتنی سیاسیمان هەبێ، مەحاڵە سەربەخۆیی بڕیاری سیاسی حزبەكەمان بدۆڕێنین".

سەبارەت بەهەڵوێستی یەكێتیش، لەسەر دۆخی ئێستای هەرێمی کوردستان، مەلا بەختیار، رایگەیاند "یەكێتیی رایگەیاندووەو باوەڕی نەگۆڕە بەوەی پەرلەمان‌و حكومەتی هەرێمی كوردستان، دەبێ دەورانی خۆیان تەواو بكەن‌و دەشبێ هەر حزبێك لێپرسراوێتی‌و پشكی خۆی تیادا هەبێ،  یەكێتی ناچێتە ژێر باری لێپرسراوێتی تێكچوونی ئەم قۆناخە‌و لەگەڵ هیچ لایەك نابێ لەدژی لایەكی دیکە".
جار خوێنراوه‌ته‌وه‌:
 
Top