بەرپرسێكی باڵای یەكێتی رایدەگەیێنێ، ئەوان نە پۆستی وەزارەتی دارایی، نە هیچ وەزارەتێكی دیكەی بزووتنەوەی گۆڕان لە حكومەت وەرناگرن. بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی ئەنجوومەنی وەزیران، ئەگەر وەزیرێك دەستی لەكار كێشایەوە، یاخود مرد یان دوورخرایەوە، دەبێ شوێنەکەی لەلایەن وەزیرێكی کابینەكەوە پڕبکرێتەوە و نابێت كەسێك لەدەرەوەی حكومەت پۆستەكە وەربگرێت.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 15 ی تشرینی یەكەمی 2015، لە میدیا لۆكاڵییەكان هەواڵی ئەوە لەسەر زاری پەرلەمانتارانی كوردستان بڵاوكرایەوە، كە قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان پۆستی وەزیری دارایی بەوەكالەت بەڕێوەدەبات و دەكردنی رێباز حەملان كاریگەری لەسەر كاروبارەكان و دابەشكردنی مووچە نابێت، بەڵام ئەو هەواڵە لەلایەن یەكێتی رەتدەكرێتەوە.
بەرپرسێكی باڵای یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان كە بڕیاربەدەستە لەنێو حیزبەكەی، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت كە نە قوباد تاڵەبانی و نە هیچ وەزیرێكی دیكەی یەكێتی لە حكومەت، وەزارەتەكانی گۆڕان وەرناگرن و ناچنە كێشەی نێوان پارتی دیموكراتی كوردستان و بزووتنەوەی گۆڕانەوە.
ئەو بەرپرسەی یەكێتی كە لەبەر پۆستەكەی نەیویست ناوی بڵاوبكرێتەوە، بۆ رووداو گوتیشی " ئێمە تەنها هەوڵی هێمنكردنەوەی بارودۆخەكە دەدەین". پێشتر مەلا بەختیار، لێپرسراوی دەستەی كارگێڕی مەكتەبی سیاسی یەكێتی رایگەیاندبوو، كە ئەوان هیچ پۆستێكی گۆڕان لە حكومەت وەرناگرن.
سەبارەت بە بەڕێوەبردنی وەزارەتی دارایی، ئەو بەرپرسەی یەكێتی گوتی " پۆستەكە لەلایەن خودی نێچیرڤان بارزانی یان عەلی سندی، وەزیری پلاندانان بەڕێوەدەبرێت، چونكە ئەوان شیاوترین كەسن بۆ ئەو پۆستە، بەهۆی ئەوەی ئاگاداری مەلەفی نەوتن و كارەكەشیان نزیكە لە وەزارەتی دارایی".
بەتۆمەتی ئەوەی بزووتنەوەی گۆڕان سەرپەرشتی خۆپیشاندانەكانی ئەم هەفتەیەی كردووە و و خۆپیشاندەرانی بۆ ئەنجامدانی تووندوتیژی هانداون، پارتی دیموكراتی كوردستان دوای ئەنجامدانی كۆبوونەوەیەكی مەكتەبی سیاسی، رۆژی دووشەممە 12 ی تشرینی یەكەمی 2015، بزووتنەوەی گۆڕانی لە حكومەت دەركرد و رێگریشی لە د. یوسف محەممەد، سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان كرد بگەڕێتەوە هەولێر، ئەمەش دۆخی سیاسی هەرێمی كوردستانی ئاڵۆزتر كرد. لە خۆپیشاندانەكان ژمارەیەك بارەگای پارتی لە سنوورەكانی سلێمانی و هەڵەبجە سووتێندران، 5 كەسیش گیانیان لەدەستداو زیاتر لە 125 كەسی دیكەش برینداربوون.
جار خوێنراوهتهوه: