GuidePedia

دوای ماوه‌یه‌كی‌ زۆر له‌ خۆپشاندان و بایکۆت کردنی ھۆڵەکانی خوێندن لە لایەن مامۆستایانەوە، دەستەی مامۆستایانی ناڕازی و بەڕێوبەری بەشێك له‌ خوێندنگاکانی دەڤەری ڕاپەڕین بڕیاریاندا، کە ھەفتەی داھاتووش بایکۆتی ھۆڵەکانی خوێندن بکەن .

ئومێد عه‌بدلڕه‌حمان ئەندامی دەستەی مامۆستایانی ناڕازی رانیە بە خەندانی ڕاگەیاند " دوای کۆبوونه‌وه‌ی‌ دەستەی مامۆستایانی ناڕازی رانیە و  و بەڕێوبەری بەشێک له‌ خوێندنگاکانی دەڤەری ڕاپەڕین، بڕیارماندا ھەفتەی داھاتووش بەردەوام بین لە بایکۆتکردنی ھۆڵەکانی خوێندن و بەردەوامیش دەبین، تا ئەو کاتەی حکومەت خواست و دوای مامۆستایان بەدی دەھێنێت و بەڵێنی  جێبه‌جێ كردنی‌ داواکاریەکان دەدات.

وتیشی: وه‌ك مامۆستیانی سنووری‌ ئیداره‌ی‌ راپه‌رین، ماوه‌ی‌ ١٤ ڕۆژ ده‌بێت بایکۆتی دەواممان کردووە  پابەندی بڕیاری ھیچ رێکخراو لایەنێک نابین، بۆ ئەوەی رۆژی‌ شەممە 17/10/2015 دەوام بکەینه‌وه‌، تا وه‌كو حکومەت وەڵامی داخوازیەکانمان نەداتەوە، ناچینە ھۆڵەکانی خوێندنەوە و ھیواخوازین، کە یەکیتی مامۆستایان وەکو ئەرکی ئەخلاقی و پیشەی خۆیان پشتیوانی لەدواکاریەکانمان بکەن و ھاو ھەلوێست بن لەگەل مامۆستایانی نارازی نەکەونە  ژیر فشارەکانی حکومەته‌وه‌.

ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌شكرد،  لە کۆبوونەوەكه‌ی ئەمڕۆماندا سێ داواکاریمان خستۆتەڕوو، کە حکومەت  مافی زەوتکراو بۆ مامۆستایان و فەرمانبەران و پێشمەرگە و ھیزە ئەمنیەکان بگەڕێَنەوە، کە خۆی لە موچەدا دەبینێتەوە و ڕاگەیاندنی لیستێکی چاکسازی لەتەواوی سێکتەرەکانی حکومەت و سیستەمی سیاسی و گیڕانەوەی ماف بۆ ھەموو خەڵکی کوردستان کە خۆی لە پێشیلکردنی یاسادا دەبینیتەوە.

ئەم بڕیارەی  مامۆستایانی راپەڕین لەکاتێکدایە، لقی ڕاپەڕینی یەکێتی مامۆستیان لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاندووە، کە ڕۆژی شەممەی داھاتوو مامۆستایان دەچنەوە ھۆڵەکانی خوێندن و بایکۆت دەشکێنن .
جار خوێنراوه‌ته‌وه‌:
 
Top